کامەران عەلی: لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە دوو هەزار مامۆستای گرێبەست بە هەمیشەیی کراون
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوکاری و پاڵپشتی خوێندنی کوردی کردووە لەو پارێزگایە.
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 18:00بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2003 خوێندنی کوردی لە یەک قوتابخانە دەستیپێکرد، ئێستا نزیکەی 550 قوتابخانەی خوێندنی کوردی هەن، پاڵپشتییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ خوێندنی کوردی بەردەوامە و ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کتێب لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ قوتابخانە کوردییەکان دەنێردرێت.
کامەران عەلی گوتی: لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە دوو هەزار مامۆستای گرێبەست بە هەمیشەیی کران، هەرشتێک بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کرابێت بەبێ جیاوازی بۆ ئێمەش کرایە، هەروەها وەزیری پەروەردە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خوێندنی کوردیدا لە سنوورەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، فەرمانبەران و مامۆستایانی خوێندنی کوردی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
لەلای خۆیەوە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کابینەی نۆیەم هەمیشە پاڵپشتی خوێندنی کوردی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردووە بە جۆرێک یەک ملیار و 800 ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی پێداویستی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، هەروەها دوو هەزار و 159 مامۆستایان کراونەتە گرێبەست.
هەروەها گوتیشی: دوای سەری ساڵ بە پلانێکی تۆکمە دەچنە خانەقین بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆیان.
