دوای هەشت کاتژمێر بەرگریی شارستانی سۆران حەوت گەشتیاری لەنێو بەفر رزگار کرد

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات، سەردانی ناوچە شاخاویەکان نەکەن، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران ڕایگەیاند: زیاتر لە پێنج تیم دەرچوون بۆ ڕزگارکردنی حەوت گەشتیار لە سنوری شارۆچکەی سیدەکان گیریان خواردبوو بەهۆی بەفر بارینێکی زۆر ، دوای هەشت کاتژمێر کارکردن و رۆیشتنی تیمەکانمان بەپیادە بەنێو بەفر دوو کاتژمێر و بەهاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنورەکە توانرا گەشتیارەکان ڕزگار بکرێن و هاوشانی تیمەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ شارۆچکەی سیدەکان.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران، داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن، ئەمەش بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر مەترسی لەسەر شوفێران وسەرنشیان دروست دەکات.

لە دوێنێ شەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سبەی دووشەممەش ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل