حەوت پۆلیسی تورکیا لەلایەن چەکدارانی داعش بریندار کران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەنجامی پێکدادانێک لەگەڵ گومانلێکراوانی ڕێکخراوی داعش لە پارێزگای یالۆڤا (باکووری ڕۆژئاوای تورکیا)، حەوت ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون.

میدیا فەرمییەکانی تورکیا ڕایانگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی یالۆڤا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر ماڵێک ئەنجامداوە کە گوماندەکرا لەلایەن ئەندامانی ئەو گرووپە توندڕەوەوە وەک پەناگە بەکاربهێنرێت. تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان زانیاری زیاتریان لەبارەی وردەکاریی ڕووداوەکە و چارەنووسی گومانلێکراوەکان بڵاونەکردووەتەوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا 115 کەسیان دەستگیرکرد بە گومانی پەیوەندییان بە داعشەوە؛ بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو کەسانە پلانیان هەبووە لە کاتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا لە ئیستانبوڵ هێرش ئەنجام بدەن.

پێشتر فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای ئەنقەرە، لە نووسراوێکی فەرمیدا لە ڕێککەوتی 19ی کانوونی یەکەمی 2025، هۆشداریی دابووە سەرجەم یەکەکان کە ئەگەری هەیە داعش لە پێش سەری ساڵدا هێرش بکاتە سەر هەردوو شاری ئەنقەرە و ئیستانبوڵ.

لە نووسراوەکەدا هاتووە؛ زانیارییان پێگەیشتووە (داعش) پلانی هەیە لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا و لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش ئەنجام بدات، جەندرمە بەتایبەتی هۆشداریی دابوو لەبارەی مۆڵەکان و بازاڕە میللییەکان و ئاماژەی بەوە کردبوو، ڕەنگە هێرشەکان بە شێوازی چەکداری، خۆکوژیی، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، درۆن، هاووڵاتییان بێت.

بە گوێرەی داتاکانی میدیای فەرمیی تورکیا، لە 10مانگی ڕابردوودا، پۆلیسی تورکیا زیاتر لە سێ هەزار و 686 کەسی بە گومانی پەیوندیی لەگەڵ داعش دەستگیر کردووە، لەوانە 784 کەسیان لە لایەن دادگەوە فەرمانی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپینراوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل