حووسییەکان هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل

وێنە ئەرشیفی چەکدارانی حووسی
وێنە ئەرشیفی چەکدارانی حووسی

عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی بزووتنەوەی حووسییەکانی یەمەن، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، هەر جۆرە ئامادەبوونێکی ئیسرائیل لە "سۆماڵیلاند" وەک ئامانجێکی سەربازی شەرعی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 

بزووتنەوەکەوە لە ڕێگەی میدیاکانەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد؛ هەنگاوەکەی ئیسرائیل "دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەری سۆماڵ و یەمەن" و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات. جەختی کردەوە؛ هێزە چەکدارەکانیان ئامادەن بۆ بەئامانجگرتنی هەر بنکە یان شوێنێکی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا و هۆشداریدا لە "دەرئەنجامە سەختەکان"ی ئەو کارە کە بە هەڵوێستێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە دەریای سوور و ئەفریقا وەسفی کرد.

ڕۆژی هەینی ئیسرائیل بە فەرمی دانپێدانانی خۆی بۆ "سۆماڵیلاند" ڕاگەیاند. سۆماڵیلاند لە ساڵی 1991ەوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیی لە سۆماڵ ڕاگەیاندووە، سەرەڕای هەبوونی دراو و پاسپۆرت و سوپای تایبەت بە خۆی، تا ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانانی فەرمی بۆ نەکراوە. شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل ئامانجی ستراتیژی لە پشتە، چونکە سۆماڵیلاند دەکەوێتە سەر کەنداوی عەدەن و ڕێگا دەریاییە گرنگەکانی نێوان دەریای سوور و زەریای هیندستان.

بەستنی پەیوەندی لەگەڵ سۆماڵیلاند دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل دەستڕاگەیشتنێکی زیاتری بە دەریای سوور هەبێت، ئەمەش تواناکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بەهێزتر دەکات. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆناین کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر یەمەن وەڵامی داونەتەوە. هەرچەندە لە دوای ئاگربەستەکەی مانگی ئۆکتۆبەر لە غەززە هێرشەکان تا ڕادەیەک وەستاون، بەڵام ئەم پەرەسەندنە نوێیە ئەگەری تێچوونەوەی شەڕی لێدەکرێت.

بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ داننان بە سۆماڵیلاند شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جیهانی لێکەوتووەتەوە. هەریەک لە یەکێتیی ئەفریقا، میسر، تورکیا، ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و یەکێتیی ئەوروپا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیوە و جەختیان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ کردووەتەوە.

لە کاتێکدا سۆماڵیلاند لە چاو سۆماڵی دایکدا خاوەن سەقامگیرییەکی زیاترە، بەڵام ئەم دانپێدانانەی ئیسرائیل دەکرێت داینامیکی سیاسی و سەربازی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕێت و بەرەیەکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە لە دەریای سووردا بکاتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل