مەکسیک؛ شەمەندەفەرێک وەرگەڕا و 13 کەس گیانیان لەدەست دا
لە ئەنجامی ترازان و وەرگەڕانی شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر لە ویلایەتی 'واخاکا' ی مەکسیک، لانیکەم 13 کەس مردن و 98 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دووشەممە، 29 کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، شەمەندەفەرێکی چوار فارگۆنیی نەفەرهەڵگر، بە 250 سەرنشینەوە لە ویلایەتی واخاکا لە هێڵەکەی ترازاوە و سەرجەم فارگۆنەکانی وەرگەڕاون و لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەست داوە و 98 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
کلاودیا شینباوم، سەرۆکی مەکسیک، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە خێرایی خۆیان بگەیەننە ناوچەکە و فریای قوربانییانی ڕووداوەکە بکەون.
هێڵی ئاسنی نێوان کەنداوی مەکسیک و ئۆقیانووسی ئارام، ساڵی 2023 لە کاتی سەرۆکایەتیی ئەندریس مانۆییل لۆبیز، سەرۆکی پێشووی مەکسیک، کەوتە کار و بە یەکێک لە ژێرخانە ستراتیجییەکانی مەکسیک لە قەڵەم دەدرێت.
پێشتر، لە 20ـی ئەم مانگەدا، شەمەندەفەرێک لەسەر هەمان هێڵ، خۆی کێشا بە لۆرییەکی بارهەڵگردا، بەڵام جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
