یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد.
عامر فایز وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو؛ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەکات.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرجەم ئەندامانی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 329 کەسە، سوێندی دەستووری دەخۆن. دواتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ هەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە. هەڵبژاردنەکە بە شێوەی دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.
دەستخستنی زۆرینەی ڕەها
- بەپێی ماددەی 55ی دەستوور و ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بۆ دەرچوونی کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، پێویستە کاندید زۆرینەی ڕەهای دەنگی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە 329 ئەندام پێکدێت، بۆیە زۆرینەی ڕەها بریتییە لە نیوە کۆی یەک (50% + 1)، واتە 166 دەنگ.
- ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک نەیتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەستبهێنێت، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە. دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ ڕێکارێکی دیاریکراویان بۆ گەڕی دووەم دەستنیشان نەکردووە (بۆ نموونە، ئایا کێبڕکێیەکە لەنێوان تەنها دوو بەرزترین دەنگدا دەبێت)، بۆیە ئەم بابەتە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی و نەریتی پەرلەمانی یەکلایی دەکرێتەوە و چەندین گەڕی دەنگدان بەردەوام دەبێت تا یەکێک لە پاڵێوراوەکان زۆرینەی پێویست مسۆگەر دەکات.
- بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات.
نەریتی دابەشکردنی پۆستەکان
بەپێی نەریتی سیاسیی دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان لە عێراق، کە لە دوای 2003ـەوە جێبەجێ دەکرێت؛ پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش پشکی پێکهاتەی سوننەیە. لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دانراوە.
ئەم دابەشکارییە، هەرچەندە یاسایی نییە، بەڵام بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی سیاسی عێراق و لایەنەکان پێشوەختە لەناوخۆی پێکهاتەی خۆیاندا گفتوگۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی کاندیدی خۆیان.
