دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرایەوە

عامر فایز
عامر فایز

عامر فایز، سەرۆکی بە تەمەنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.

کاتژمێر 01:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد.

عامر فایز کە وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو؛ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەکات؛ دوای خوێندنەوەی ناوی دەرچووانی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.

تاوەکو ئێستا لایەنە سوننەکان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێک نەکەوتوون. شەوی ڕابردوو (یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025)، زۆرینەی سوننەکان هەیبەت حەلبووسییان وەکو کاندیدی پۆستەکە دیاری کرد، بەڵام هاوپەیمانیی عەزم موسەنا سامەڕائییان دیاری کردووە.

هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانیشە، چەند کاندیدێکی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەیە؛ دیارترینیان، ئەحمەد ئەسەدی، موحسین مەندەلاوی و عەدنان فەیحانن.

هاوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە شێوەیەکی فەرمی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. 

 

دەستخستنی زۆرینەی ڕەها

- بەپێی ماددەی 55ی دەستوور و ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بۆ دەرچوونی کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، پێویستە کاندید زۆرینەی ڕەهای دەنگی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە 329 ئەندام پێکدێت، بۆیە زۆرینەی ڕەها بریتییە لە نیوە کۆی یەک (50% + 1)، واتە 166 دەنگ.

- ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک نەیتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەستبهێنێت، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە. دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ ڕێکارێکی دیاریکراویان بۆ گەڕی دووەم دەستنیشان نەکردووە (بۆ نموونە، ئایا کێبڕکێیەکە لەنێوان تەنها دوو بەرزترین دەنگدا دەبێت)، بۆیە ئەم بابەتە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی و نەریتی پەرلەمانی یەکلایی دەکرێتەوە و چەندین گەڕی دەنگدان بەردەوام دەبێت تا یەکێک لە پاڵێوراوەکان زۆرینەی پێویست مسۆگەر دەکات.

- بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. 

 

نەریتی دابەشکردنی پۆستەکان

بەپێی نەریتی سیاسیی دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان لە عێراق، کە لە دوای 2003ـەوە جێبەجێ دەکرێت؛ پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش پشکی پێکهاتەی سوننەیە. لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دانراوە. 

ئەم دابەشکارییە، هەرچەندە یاسایی نییە، بەڵام بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی سیاسی عێراق و لایەنەکان پێشوەختە لەناوخۆی پێکهاتەی خۆیاندا گفتوگۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی کاندیدی خۆیان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل