دەنگدان بە کاندیدانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات و دەنگەکان جیا دەکرێنەوە
دوای تێپەڕبوونی کاتژمێرێک لەسەر دەنگدان بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەکە کۆتایی پێهات و پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکردووە.
دوای ئەوەی موسەننا سامەڕائی خۆی کشاندەوە، هەر یەکە لە (هەیبەت حەلبووسی، سالم عیساوی و عامر عەبدولجەبار) کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوون. دوای ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە نهێنی بەڕێوەچوو، ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئاشکرا بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی دەنگە جیاکراوەکان، هەیبەت حەلبووسی زۆترین دەنگی بە دەستهێناوە.
بڕیارە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستپێدەکات. جێگری یەکەم پشکی پێکهاتەی شیعەیە، جێگری دووەمیش پشکی پێکهاتەی کورد، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانە. شاخەوان عەبدوڵڵا، بە فەرمی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ بەڵام تا ئێستا شیعەکان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی جێگری یەکەم ڕێکنەکەوتوون. دیارترین کاندیدانی لایەنە شیعەکان بریتین لە (ئەحمەد ئەسەدی، موحسین مەندەلاوی و عەدنان فەیحان).
