هۆشیار زێباری: هێشتا ململانێ و ڕێککەوتنی سیاسیی پشت پەردە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوایی پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ڕاگەیاند: سەرەڕای بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی یاسایی، بەڵام هێشتا ململانێ و ڕێککەوتنی سیاسیی پشت پەردە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
زێباری لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ 29/12/2025 پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەم و دووەم بە شێوازێکی لەسەرخۆ و لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و کاتییەکاندا دەستیپێکردووە.
هۆشیار زێباری جەخت لەوە دەکاتەوە، کێبڕکێیەکی ئاشکرا لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، بەڵام هاوکات ڕێککەوتن و سەودا سیاسییەکانی پشت پەردەش بەردەوامن و ئەگەری ڕوودانی سوپرایزی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە.
هەروەها دەڵێت، سەرجەم کاندیدەکان لە لایەن شەقام و هاووڵاتیانەوە بە وردی چاودێری دەکرێن و دەخرێنە ژێر وردبینییەوە.
ئەم دانیشتنەی پەرلەمان وەک یەکەمین هەنگاوی دەستووریی گرنگ بۆ ڕێکخستنی کایەی سیاسی و یاسادانان لە وڵاتدا هەژمار دەکرێت، دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕێگە خۆش دەکات بۆ قۆناغەکانی دواتر، کە بریتین لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی کاندیدی فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
چاودێران پێیان وایە ئەم خولەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، بەهۆی ئاڵۆزیی هاوکێشەکان و چاوەڕوانیی زۆری شەقام، یەکێک دەبێت لە دۆخە هەرە هەستیارەکان.
انتخابات هيئة رئاسة البرلمان اليوم ٢٩ / ١٢ / ٢٠٢٥ من الرئيس و النائب الأول والنائب الثاني بدأت بطريقة سلسة وأصولية ضمن السياقات الزمنية و الأصولية.والمنافسة العلنية موجودة ولكن الصفقات السياسية وراء الستار هم موجودة. والمفاجأت ما زالت قائمة . والمرشحون سيخضعون من الشعب إلى تدقيق
— Hoshyar Zebari (@HoshyarZebari) December 29, 2025
