سیپان شێروانی: پشتگیرینەکردنی شاخەوان عەبدوڵڵا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کێشەکان
گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستپێکردەوە، هەروەها سیپان شێروانی ئاماژەی بەوە دەکات، کێشەکان زیاتر بەرەو قووڵبوونەوە دەچن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هۆکاری بەدەستهێنانی ئەو دەنگانەی ڕێبوار کەریم پشتگیریکردنی یەکێتیی و هەندێک لایەنی شیعە و سوننە بووە، ئەگەر ئەوان نەبان بە دڵنیاییەوە ئەو ژمارە دەنگانەیان بەدەست نەدەهێنا، لە بری ئەوەی ئەم بابەتە دەرچەیەک با بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە پێچەوانەوە کێشەکان بەرەو قووڵبوونەوە دەچن.
لەلای خۆیەوە، دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری پارتی ئاماژەی بەوە دا، نەدەبوو ڕێگە بدرێت لایەنەکانی دیکە تێکەڵ بە پرۆسەکە بکرێن و کورد لەنێو خۆیدا یەکدەنگبا، بۆ یەکهەڵوێستی کورد خراپە، چونکە پرۆسەی دیکە تاوەکوو ئێستا ماون، ئەگەر گرەوەکە لەسەر ئەوە بکرێت پارتی بشکێنن، ناتوانن، چونکە پێشتریش پارتی ئەو ئەزموونانەی بینیوە.
کاتژمێر 01:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد.
عامر فایز کە وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو؛ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کرد؛ دوای خوێندنەوەی ناوی دەرچووانی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.
