دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دواخرا
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دواخرا.
هۆشمەند سادق، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە هەردوو گەڕی یەکەم و دووەمی دانیشتی پەرلەمانی عێراق، نەتوانرا هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە، دانیشتنەکە بۆ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2025 دواخرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە سیاسییەکان لەوە تێگەیشتوون کە یەکلایی کردنەوەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان پێوستی بە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان هەیە، بۆیە چاوەڕان دەکرێت لە ماوەی 12 کاتژمێری داهاتوودا کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ پارتی ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت و پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە.
هۆشمەند سادق گوتیشی، دوای کۆتایی هاتنی گەڕی دووەم، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان سەردانی فراکسیۆنی پارتییان کردووە، لە بارەی دەنگدان بە کاندیدی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان گفتوگۆیان کردووە، بۆیە پێدەچیت لە گەڕی سێیەم کە بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت، شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدی پارتی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێت بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.