عامری: بەهۆی نەبوونی زۆرینەی ڕەها، هەڵبژاردنی جێگری دووەم دواخرا

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی بەدر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە دەنگدان لەسەر پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ دوا بخات، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن و بڕیاری کۆتایی.

عامری لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی "شەفەق نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، پەرلەمان بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە "دەستکەوتێکی گەورەی" تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پۆستی جێگری دووەم یەکلایی بکرێتەوە؛ چونکە هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەگوێرەی یاسا و دەستوور دەستەبەر بکەن.

ئەم بڕیارەی پەرلەمان دوای ئەوە هات دوو خولی دەنگدان بۆ هەمان پۆست بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کاندیدێک نەبووە براوەی ڕەها. لە خولی دووەمدا، ڕێبوار کەریم بە کۆکردنەوەی 156 دەنگ لە پێشەنگدا بوو، لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵڵا 102 دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها 22 دەنگیش وەک دەنگی نادروست هەژمار کران.

بەهۆی نزیکبوونی دەنگەکان و نەگەیشتن بە ڕێژەی یاسایی، سەرۆکی دانیشتنەکە داوای ئەنجامدانی خولی سێیەمی دەنگدانی کرد. هادی عامری دووپاتی کردەوە؛ بڕیارە گەڕی سێیەمی کێبڕکێیەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبچێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل