دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان چووە گەڕی سێیەم

لەگەڵ ئەوەی لە دوو گەڕی دەنگداندا بۆ دەستنیشانکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هیچ کام لە شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕێبوار کەریم، دەنگی زۆرینەیان بەدەست نەهێنا، دەنگدان بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووە گەڕی سێیەم.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: بەشێک لە پەرلەمانتاران لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان هاتنە دەرەوە و ئامادەنین هیچ لێدوانێک بۆ میدیاکان بدەن، دەشڵێت: هەرچەند کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق درێژ بکرێتەوە، بەشداربوونی ئەندامانی پەرلەمان کەمتر دەبێتەوە و ئومێدی هەڵبژاردنی جێگریی دوەەمی سەرۆکی پەرلەمانیش زۆر کەم دەبێتەوە.

هۆشمەند سادق، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا ڕایگەیاند: دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ سبەی هەڵگیرا.

کاتژمێر 01:15 خولەکی دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد.

عامر فایز کە وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو، سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەکات، دوای خوێندنەوەی ناوی دەرچووانی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل