ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نیگەرانە
پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، ڕایگەیاند، میدیا و پلاتفۆرمەکانی هەواڵی ئەمەریکا، هەڵبژاردنی عەدنان فەیحان بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە گەڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی تاریکی و ناسەقامگیری و داهاتوویەکی ناڕوون ناودەبەن.
دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، ڕایگەیاند، پەیمانگەی واشنتن لە ڕاپۆتێکیدا بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، عەدنان فەیحان کە ئێستا کەسی دووەمی پەرلەمانی عێراقە، لە ڕابردوودا کەسێکی تیرۆریست بووە، ساڵی 2007 تێوەگلاوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شاری کەربەلا دژی هێزەکانی ئەمەریکا، کە تیایدا پێنج سەربازی ئەمەریکی کوژراون.
ڕاپۆرتەکەی پەیمانگەی واشنتن ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی دیکەدا کە لە لایەن سوپای قودسی پاسدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی کراوە، عەدنان فەیحان و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئێستای لایەن و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران تێوەگلاون و تاوانبارن.
باسی لەوەشکردووە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی ساڵێک لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیر کراوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی دژی سوپای ئەمەریکا لە عێراق، دواتر لە ساڵی 2014 پەیوەندی کردووە بە حەشدی شەعبی و لە زۆرێک لەو کردەوانەی دژی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.
عیسا حەسەن، جەختی لەوەکردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا، بە تایبەت دەستنیشانکردنی عەدنان فەیحان بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، چاودێران و شلۆڤەکارانی ئەمەریکا بە کارێکی تەواو پێچەوانەی خواستی ئەمەریکا بۆ گۆڕانکارییەکان لە عێراقی داهاتوو دەیبینن، چونکە بەردەوام ئەمەریکا جەختی لەوەکردووەتەوە، دەبێت گرووپ و میلیشیاکانی عێراق لە حکوومەتی داهاتوودا هیچ پێگە و ڕۆڵێکیان نەبێت، لەمبارەیەشەوە چەندین جار بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەمەریکا پەیامی خۆی گەیاندووە بە دەسەڵاتداران و سەرکردەکانی عێراق.
