تاران دان بە قەیرانی ئابووریدا دەنێت
تومەن بەهایەکی مێژوویی لەدەست دەدات و پارێزگاری بانکی ناوەندی دەگۆڕدرێت
حکوومەتی ئێران بە فەرمی دانی بە بوونی قەیرانێکی قورسی دارایی و خراپیی بژێویی ژیانی هاووڵاتیاندا نا، هاوکات زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داڕمانی بەهای تومەن دەرکرد.
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند "حکوومەت ناڕەزایەتییەکان بە جددی وەردەگرێت و دان بە بوونی کێشەی بژێویی خەڵکدا دەنێت." ئاماژەی بەوەش کرد؛ داواکارییەکانی گەلی ئێران "ڕوون و ڕەوان"، بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی ڕێگە نادەن دوژمنان ئەو ناڕەزایەتییانە بقۆزنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، خاوەن دوکانەکان لە بازاڕی تاران و شارە گەورەکانی ئێراندا، بەهۆی ناجێگیری نرخەکان خۆپیشاندانیان ڕاگەیاند. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، بەهای تومەن نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد و یەک دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار ڕیاڵ، لە کاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر تەنیا 820 هەزار ڕیاڵ بوو.
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، غوڵام حسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، فەرمانی بەپەلەی دەرکرد بۆ سزادانی ئەو کەسانەی بە بەرپرسیاری هەڵاوسان ناوی بردن.
لەلایەکی دیکەوە، مێهدی تەباتەبایی، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک کۆمار گۆڕانکاری لە لووتکەی هەرەمی دارایی وڵاتدا کراوە و عەبدولناسر هەمتی وەک پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی دەستنیشانکراوە، بە هیوای ئەوەی بتوانێت ڕێگری لە زیاتر دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بگرێت.
