پارتی کاندیدەکەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان گۆڕی

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی کاندیدەکەی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گۆڕی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵای لە کاندیدکردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشاندەوە و فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی لە جێگەی ئەو، کاندید کرد. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بڕیاری پارتی، دوای زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە بووە، لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان لە نێو پەرلەمانی عێراق. 

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، تا ئێستا دیار نییە، پارتی کامە پەرلەمانتار لە جێگەی فەرهاد ئەترووشی، دەکاتە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق. 

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا چەند جارێک زەنگی چوونەوە ژوورەوە بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان لێدراوە، بەڵام ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتاران چوونەتە ژوورەوە و ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.

دوێنێ دووشەممە، 09ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق هەیبەت حەلبووسی بە سەرۆکی نوێ و عەدنان فەیحانی بە جێگری یەکەمی سەرۆک هەڵبژارد.

لە پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمدا، دوو گەڕی دەنگدان ئەنجامدرا. کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبوار کەریم، کاندیدی بەرەی هەڵوێست بوو. هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگی پێویست (166 دەنگ) بەدەستبهێنن. بەهۆی ئەمەوە دانیشتنەکە بۆ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کراوەیی مایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل