ناتانیاهۆ هۆشداریی دەداتە ئێران
ناتانیاهۆ هۆشداریی دەداتە ئێران و مەرجی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە غەززە ئاشکرا دەکات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" هۆشدارییەکی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئێران بە شێوەیەکی نهێنی هەوڵی بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییانە دەدات کە پێشتر بۆردومان کراون. ناتانیاهۆ جەختی کردەوە؛ دوو هەفتە لەمەوبەر زانیاری وردی سەبارەت بە مەشقی مووشەکی بالیستی ئێران پێگەیشتووە و هۆشداری دا کە "لێکەوتەکانی ئەم هەوڵانەی تاران زۆر سەخت دەبن."
سەبارەت بە شەڕی غەززە، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد؛ حەماس هێشتا وەک مەترسی ماوەتەوە و خاوەنی نزیکەی 60 هەزار تفەنگە. ئەو گوتی: "پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە غەززە تەنیا کاتێک دەبێت کە حەماس بە تەواوی لەناو بچێت."
ناتانیاهۆ پەردەی لەسەر هەماهەنگییە بەهێزەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لادا و ڕایگەیاند، لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکان تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا، لەگەڵ ترەمپ بەتەواوی کۆک بوون و هیچ ناڕەزایەتییەکی لەلایەن ئەوەوە پێنەگەیشتووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ باسی لە گرژییەکانی کەرتی ڕۆژئاوا کرد. هەرچەندە ئاماژەی بە ڕەفتاری هەندێک لە نیشتەجێبووە جووەکان کرد لە زیانگەیاندن بە دار زەیتونەکان و بە "زیادەڕەوی" وەسفی کردن، بەڵام جەختی کردەوە؛ ئەمە ناگاتە ئاستی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئیسرائیلییەکان. ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە "دەبێت کۆنترۆڵی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت" بۆ پاراستنی ئاسایش.
