پارێزگاری هەولێر چیرۆکی تەلەفۆنێکی مەسرور بارزانی دەگێڕێتەوە
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی تەنانەت لە کاتی پێشوازی لە میوانی باڵاشدا، بەدواداچوون بۆ کێشەی هاووڵاتییان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24، ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی هاووڵاتییان دەکات، تەنانەت ئەگەر کێشەکان بچووکیش بن.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "کێشەی ئاو هەبووە لە شوێنێک، خەڵک دەنگی هەڵبڕیوە، کارەبا نەبووە، ڕێگە و بانەکان تەواو نەبوونە، قسەی لەسەر کراوە، لە هەموو ئەو حاڵەتاندا، بەخۆی ڕاستەوخۆ هاتووەتە سەر هێڵ و بەدواداچوونی کردووە."
ئومێد خۆشناو بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، نموونەیەکی زیندوو دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەکات، لە کاتی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەولێر، سەرۆکی حکوومەت گرنگی بە کێشەیەکی چەند گەنجێک داوە.
ئومێد خۆشناو گوتی: "ڕۆژێکیان سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا (جۆرجیا میلۆنی) هاتبووە هەولێر، کە لە فڕۆکەخانە پێشوازیمان دەکرد، چالاکییەکی گەنجانەش هەبوو لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا. لەو ماوەیەدا جەنابی سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی کرد، گوتی دەڵێن چەند گەنجێک هاتوونەتە بەردەم پارێزگا و بەهۆی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانەوە ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ژوورەوە؛ بە زوویی کێشەکەیان بۆ چارە بکەن."
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، ئەمە تەنها نموونەیەکی بچووکە و زۆر نموونەی گەورەتریش هەن کە دەریدەخەن سەرۆکی حکوومەت تا چەند بە وردی ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی خەڵکە و بۆ چارەسەرکردنیان ڕاستەوخۆ دێتە سەر هێڵ.
