کەشناسی: بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن

کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، شەپۆلێکی بەفر و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: شەپۆلێکی دیکەی بەفر و سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و تاوەکوو ئێوارەی ڕۆژی هەینی بەردەوامی دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوە دا، هەروەکو پێشبینی دەکرا بەفر بارین سنووری پارێزگای دهۆک و ئامێدی و سۆران بگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت سبەی پێنجشەممە کاریگەریەکەی زیاتر بێت و بگاتە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و ناوچەکانی دیکە، هەروەها کڕیوەی لەگەڵ دەبیت، بەڵام شەپۆلەکە هاوشێوەی ڕۆژی دووشەممە نابێت.

فازڵ ئیبراهیم، باس لەوەش کرد، لە ئەمشەوە پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و تاوەکوو ئێوارەی ڕۆژی هەینی، بەڵام دواتر وردە وردە پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە.

لە ڕۆژی شەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری بە هاووڵاتییان و شۆفێران  دەدان بۆ کاری پێویست نەچنە دەرەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل