کوردستان24 پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە بینەرانی دەکات
هاوکات لەگەڵ داگیرساندنی مۆمی ساڵی نوێ و ماڵئاواییکردن لە ساڵی 2025، دامەزراوەی کوردستان24 پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان و وەرگرانی لە سەرتاسەری جیهان دەکات و بەڵێنی گواستنەوەی میدیایی بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر دەدات.
دامەزراوەی کوردستان24، بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و جوانترین چەپکەگوڵی خۆشەویستی پێشکەش بە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانیان و بینەرە ئازیزەکانی دەکات لە هەر کوێیەک بن.
کوردستان24 هیواخوازە ساڵی 2026 ببێتە ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان، ساڵی بەدیهاتنی خەونەکان و بەرپاکردنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو لایەک. کوردستان24 هیوا دەخوازێت ئەم ساڵە نوێیە دەستپێکێک بێت بۆ پێکەوەژیانی زیاتر و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لە تەواوی بوارەکاندا.
دامەزراوەکە دووپاتیدەکاتەوە، وەک هەمیشە لەسەر بنەماکانی پیشەییبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بەردەوام دەبێت. کوردستان24 شانازی دەکات کە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە سەرچاوەی متمانەی بینەران و پردی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و ناوەندەکانی بڕیار، بەڵێنیش دەدات لە ساڵی نوێدا بە هەمان ڕۆحییەت و بە گوڕوتینێکی زیاترەوە ڕووماڵی ڕووداوەکان بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، کوردستان24 مژدەی نوێبوونەوە بە بینەرانی دەدات. بۆ ساڵی نوێ، کەناڵەکە بە بەرگێکی نوێ و بە ستراتیژێکی میدیایی سەردەمییانە لە خزمەتی وەرگرانی بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا، دامەزراوەی کوردستان24 سوپاسی بێپایانی خۆی ئاراستەی بینەرانی دەکات بۆ ئەو متمانە گەورەیەی پێیان بەخشیوە و دڵنیایان دەکاتەوە کە لە ساڵی 2026ـدا باشترین و شایستەترین خزمەتگوزاریی میدیاییان پێشکەش دەکرێت.
