مارک ساڤایا، بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێک ئاراستەی گەندەڵکارانی عێراق دەکات
بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی توند ئاراستەی گەندەڵکارانی عێراق دەکات و بەڵێنی "عێراقێکی جیاواز" لە 2026دا دەدات.
لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2026، مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی و هۆشداریی ئاراستەی گەلی عێراق و لایەنە جیاوازەکان کرد، تێیدا جەخت لەسەر قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و چەکی بێسەروبەر دەکرێتەوە.
لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی گەلی عێراق کراوە، هاتووە: "هێز و خۆڕاگری ئێوە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ جیهان. ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی هەلی باشتر و سەقامگیری بۆ هەموو عێراقییەکان." هەروەها جەخت کراوەتەوە؛ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق تەنیا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا دەبێت بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەش.
لە پەیامەکەدا لیستێکی وردی ئەو گرفتانە خراوەتە ڕوو کە بڕیارە لە ساڵی 2026دا کۆتاییان پێ بهێنرێت، گرنگترینیان؛ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، چەکی بێ مۆڵەت، میلیشیاکان، گرژییە ناوخۆییەکان و دەستوەردانی دەرەکی. هەروەها بنبڕکردنی گەندەڵی، تاڵانکردنی سامانی وڵات، سپیکردنەوەی پارە، گرێبەستە وەهمییەکان، دزی و فێڵکردن لە یاسا. لەگەڵ چارەسەرکردنی بێکاری، هەژاری، نەخوێندەواری، کەمیی خزمەتگوزارییەکان، نادادی و ستەم.
مارک ساڤایا، بەشێکی پەیامەکەی ئاراستەی ئەو کەسانە کردووە کە دەستیان لە گەندەڵیدا هەبووە و تێیدا هاتووە: "ئەم قسانە بۆ ئەو کەسانەیە کە لەسەر خاکی عێراق گەندەڵییان کرد؛ کاتی ئێوە کۆتایی هات و ئێستا کاتی عێراق و عێراقییەکانە."
پەیامەکەی ساڤایا بە دەستەواژەی "ئێمە ئێستا دەست پێ دەکەین" کۆتایی پێ هاتووە و دووپاتی دەکاتەوە، ئاڵای عێراق بە بەرزی دەمێنێتەوە و وڵات دەبێتە جێگەی شانازی بۆ هەمووان.
