ئاسایشی خۆراک و تەندروستیی کۆمەڵگا، هەڕەشە لە ئێران دەکەن
دواین داتاکانی ناوەندیی ئاماری ئێران وێنەیەکی مەترسیدار لە دۆخی ئابووری وڵاتەکە نیشان دەدەن. هەڵاوسان لە ئێران چیتر تەنیا ژمارەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی پێکهاتەیی کە هەڕەشە لە بنەماکانی ژیان، لەوانە خۆراک، نیشتەجێبوون و تەندروستیی گشتیی دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران گەیشتووەتە 40.4%، کە بەرزترین ئاستە لە 20 مانگی ڕابردوودا تۆمارکرابێت. هەروەها هەڵاوسانی "خاڵ بە خاڵ" نزیکبووەتەوە لە49.4%؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە خێزانێکی ئێرانی بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی، پێویستی بە خەرجکردنی نیوەی داهاتەکەی زیاترە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
مەترسیدارترین لایەنی ئەم شەپۆلە، چڕبوونەوەی هەڵاوسانە لە کەرتی خۆراکدا. نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزبوونەتەوە: نرخی نان و دانەوێڵە: زیاتر لە100%بەرزبوونەتەوە. هەروەها فاسۆلیای سوور: 255% گران بووە. برنجی ئێرانی: 155% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە. لەگەڵ میوە و گوێز: 108% گرانتر بوون.
ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی "سەبەتەی خۆراک" لە ئێراندا لە جۆراوجۆرییەوە گۆڕاوە بۆ تەنیا ئامرازێکی سەرەتایی بۆ مانەوە لە ژیان.
داتاکان جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان پارێزگاکان نیشان دەدەن. پارێزگای لوڕستان بە ڕێژەی 5% بەرزترین هەڵاوسانی مانگانەی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا پارێزگای سێمنان بۆ 11 ساڵ لەسەریەک لە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەدا لە پێشەنگدایە. لە بەرامبەردا، تاران و هەمەدان بەهۆی ژێرخانی بەهێز و چاودێری وردتر، تا ڕادەیەک ڕێژەی هەڵاوسانیان کەمتر بووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە نێوان ناوەند و دەوروبەردا دروستکردووە.
جگە لە خۆراک، بەرزبوونەوەی کرێی خانوو و تێچووی خزمەتگوزارییەکانی وەک گواستنەوە و تەندروستیی، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر چینی ناوەڕاست و کەمداهات. چینی ناوەڕاست ئێستا پەنا دەباتە بەر کڕینی کاڵای بێ کوالێتی و کەمکردنەوەی بڕی کڕین.
