دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لە دەستووری عێراقدا چین؟
پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەپێی نەریتی سیاسی دوای ساڵی 2003، پشکی کوردە و وەک بەرزترین پۆستی ئیداری لە وڵاتدا دادەنرێت.
لە 13ی تشرینی یەکەمی 2022، لەتیف ڕەشید وەک نۆیەمین سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا. ماوەی سەرۆکایەتییەکە چوار ساڵە و تەنیا بۆ یەک خولی دیکە نوێ دەکرێتەوە.
سەرۆک کۆمار ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان، وەک لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکان دەکەن.
دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری عێراق لە چەندان ماددەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بەڕوونی باسکراون. سەرۆک کۆمار بە پارێزەری دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق ناودەبرێت. ئەو، خاوەنی کۆمەڵێک دەسەڵاتە و لە حاڵەتی پێشێلکردنی دەستوور و ناحەقی بەرانبەر بە پێکهاتە و گەلانی عێراق بەکاریاندەهێنێت.
بەشێک لەم دەسەڵاتانە گرنگن و دەتوانرێت لە خزمەت دۆزی کورددا بەکاربهێنرێن و ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنرێنەوە کە بە نایاسایی و نادەستووری دەردەکرێن.
چوارچێوەی یاسایی و دەسەڵاتەکان
- پێگەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن: بەگوێرەی ماددەی 66ی دەستوور، دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی فیدراڵی لە سەرۆک کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران پێکدێت. هەردووکیان بەپێی دەستوور و یاسا دەسەڵاتەکانیان پیادە دەکەن.
- پارێزەری دەستوور و وڵات: ماددەی 67 جەخت دەکاتەوە، سەرۆک کۆمار سەرۆکی وڵات و نیشانەی یەکپارچەیی نیشتمان و سەروەریی وڵاتە. هەوڵ بۆ پابەندبوون بە دەستوور و پارێزگاری لە سەربەخۆیی، سەروەری، یەکێتی و پاراستنی خاکی عێراق دەدات.
دەسەڵاتە سەرەکییەکان (ماددەی 73):
- لێبوردنی تایبەت: دەرکردنی لێبوردنی تایبەت لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەرجێک ئەو کەسانە نەگرێتەوە بەهۆی تاوانی نێودەوڵەتی، تیرۆر و گەندەڵیی دارایی و ئیدارییەوە حوکم دراون.
- پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان: پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی پەرلەمان.
- پەسەندکردنی یاساکان: پەسەندکردن و دەرکردنی ئەو یاسایانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دایاندەنێن. یاساکان بە پەسەندکراو دەژمێردرێن پاش تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار.
- بانگهێشتی پەرلەمان: بانگهێشتکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کۆبوونەوە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەمەرجێک لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
- دەسەڵاتە شانازییەکان: بەخشینی نیشانە و مەدالیا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەگوێرەی یاسا، هەروەها پەسەندکردنی باڵیۆزەکان.
- مەرسوومی کۆماری: دەرکردنی مەرسوومی کۆماری و پەسەندکردنی حوکمی لەسێدارەدان دەرچوو لەلایەن دادگا تایبەتمەندەکانەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمانی عێراق بە چەند هەنگاوێکدا تێدەپەڕێت:
1. کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن: لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردووەتەوە و ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە داواکاری پێشکەش دەکەن.
2. پشکنینی ناوی کاندیدەکان: دوای داخستنی دەرگای خۆکاندیدکردن، لیستێک بە ناوی ئەو کەسانە ئامادە دەکرێت کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
3. دانیشتنی پەرلەمان: پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.
4. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
5. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
6. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.
مەرجەکانی خۆکاندیدکردن:
- ڕەگەزنامەی عێراقی: دەبێت کاندیدەکە عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لە دایک بووبێت.
- تەمەن: پێویستە تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- بڕوانامە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت.
- شارەزایی سیاسی: پێویستە ئەزموون و شارەزایی سیاسی هەبێت و ناسراو بێت بە دەستپاکی و لێهاتوویی.
- مەرجی دادوەری: نابێت هیچ سزایەکی لەسەر بێت کە پەیوەندی بە تاوانەکانی شەرەفەوە هەبێت.
- سەروەریی یاسا: دەبێت باوەڕی بە پاراستنی سەروەریی یاسا، یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایشی وڵات هەبێت.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، کۆشکی 'سەلام'ـە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێوە ڕۆژانە کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.
