پزیشکێک: زەعفەران باری دەروونی باشتر دەکات

لە ساڵانی دواییدا بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتە دەروونییەکانی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیادی کردووە، لەم چوارچێوەیەدا پزیشکێک باشترین جۆری تەواوکەری خۆراکی دەستنیشان دەکات کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی میزاج و باری دەروونی هەیە.

دکتۆر سوهەیب ئیمتیاز لە ڕاپۆرتێکی ورد کە لە ماڵپەڕی "Very Well Health" بڵاو کرایەوە، ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە بەدەست تێکچوونی باری دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە دەناڵێنن، "زەعفەران" وەک تەواوکەرێکی خۆراکی بەکاربهێنن.

ئەو پزیشکە دەڵێت: زەعفەران کە بە "زێڕە سوورەکە" ناسراوە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەکاردێت و بۆ زۆرینەی خەڵک سەلامەتە. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر زەعفەران لەگەڵ خواردنە نیشاستەییەکاندا بخورێت، جەستە باشتر سوودی لێدەبێنێت، هەروەها ئێستا بە شێوەی کەپسول و تەواوکەری خۆراکی لە دەرمانخانەکاندا بەردەستە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "Very Well Health" توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە زەعفەران کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر  دەمارەکاندا هەیە و هانی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی "دۆپامین و سیرۆتۆنین" دەدات، کە بە هۆرمۆنەکانی بەختەوەری ناسراون.

دکتۆر ئیمتیاز ڕوونی دەکاتەوە، زەعفەران نیشانەکانی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و گۆڕانی میزاج کەمدەکاتەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی هەردوو ماددەی "سافراناڵ و کرۆسین" لە پێکهاتەکەیدا. تەنانەت لە هەندێک تاقیکردنەوەی کلینیکیدا، کاریگەریی زەعفەران بەراورد کراوە بە دەرمانە دژە خەمۆکییەکان.

جگە لە لایەنی دەروونی، زەعفەران تایبەتمەندی دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنی هەیە، کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی مێشک و ڕێکخستنی کاردانەوەی جەستە بۆ فشارەکان، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی ئازار و نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە لە خانماندا بەسوودە.

بڕی پێشنیارکراو چەندە؟
پزیشکەکە ئامۆژگاری دەکات، ڕۆژانە نزیکەی 30 میلیگرام زەعفەران بەکاربهێنرێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پێشوەختە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت، چونکە ڕەنگە بڕی زۆر یان بەکارهێنانی لەگەڵ هەندێک دەرمانی دیکەدا، کاریگەری لاوەکی هەبێت.

کەی ئەنجامەکەی دەردەکەوێت؟
سەبارەت بە کاتی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی، دکتۆر ئیمتیاز دەڵێت: "بۆ ئەوەی زەعفەران بگاتە دەمارەکان و باری دەروونی هاوسەنگ بکاتەوە، پێویستی بە نزیکەی 2 بۆ 3 مانگ هەیە لە بەکارهێنانی بەردەوام، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتی دڵەڕاوکێدا، ڕەنگە دوای 4 بۆ 6 هەفتە نیشانەکانی چاکبوونەوە دەربکەون."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل