زانکۆی سەڵاحەددین وادەی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی قوتابییانی ڕاگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین سەرجەم قوتابییان ئاگادار دەکاتەوە کە پشووەکانیان کۆتایی هاتووە و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەوامی فەرمی لە سەرجەم کۆلێژەکان دەستپێدەکاتەوە، زانکۆکە دووپاتی دەکاتەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ پێشوازیکردن لە قوتابییان ئەنجامدراوە.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین، ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک یەکەم ڕۆژی دەوامی فەرمی دوای پشووەکان دیاریکراوە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرجەم بەش و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هەموو ڕێکارێکیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی لەو ڕێککەوتەوە پرۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ هیچ گرفتێک دەست پێبکاتەوە.
زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە هەزاران قوتابی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانەوە تێیدا دەخوێنن، ئەم گەڕانەوەیەی قوتابییان دوای پشووەکانی سەری ساڵی زاینی دێت، کە تێیدا ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەیەک دەوەستن، دەستپێکردنەوەی دەوام لە 4ـی کانوونی دووەم، دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ تەواوکردنی وەرزی یەکەمی خوێندنی 2025-2026 و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز.
