هیندستان، بەهۆی پیسبوونی ئاو  نۆ کەس مردن و 200 کەسی دیکە ژەهراوی بوون

ئەندامێکی پەرلەمانی هیندستان، ئاشكرایان كرد، بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە كارەساتێكی تەندروستی ڕووی داوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.

هەینی 2ـی كانوونی دووەمی 2026، كایلاش ڤیجاڤارگیا پەرلەمانتاری هیندستان، ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی ئاو لە شارەكە گەیشتووەتە نۆ كەس، هاوکات زیاتر لە 200 کەسی دیکەش ژەهراوی بوون.

لەمبارەیەوە مادهاڤ پراساد، بەرپرسی باڵای پزیشكی لە ئیندۆر، ڕایگەیاند،  ئاوی خواردنەوەی ناوچەی "بهاگیراسپورا" بەهۆی دزەكردن لە تۆڕی ئاوەكە تووشی پیسبوون بووە و پشكنینەكان بوونی بەكتریایان لەناو بۆرییەكان پشتڕاست كردووەتەوە.

بەرپرسە پزیشكییەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 200 كەس لە هەمان ناوچە لە نەخۆشخانە جیاوازەكان لە ژێر چارەسەردان، بەڵام هێشتا ڕاپۆرتی كۆتاییی نموونەی ئاوەكە دەرنەچووە.

شەراڤان ڤیرما، بەرپرسی کارگێڕی ناوچەکە، ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران بەپەلە تیمە پزیشكییەكانیان بڵاوە پێ كردووە بۆ پشكنینی مەیدانیی ماڵ بە ماڵ، هاوكات ماددەی كلۆریان بەسەر دانیشتوواندا دابەش كردووە بۆ پاككردنەوەی ئاو.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، تیمەكانی فریاگوزاری خاڵێكی دزەكردنیان دۆزیوەتەوە كە گومان دەكرێت هۆكاری پیسبوونەكە بێت و چاكیان كردووەتەوە، تا ئێستا پشكنین بۆ هەشت هەزار و 571 كەس كراوە و 338 حاڵەتی ژەهراویبوون  تۆمار كراون كە نیشانەی سووكیان هەیە و ئەگەر گیان لەدەستدانیان لەسەر نییە.

شاری ئیندۆر شارێکە لە ویلایەتی مادیا پرادێش لە وڵاتی هیندستان، لەم ساڵانەی دواییدا بەناوبانگ بووە بەهۆی ئەوەی وەک پاکترین شاری هیندستان ناوی لێنراوە و بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەریەک لە پێشەنگی ڕیزبەندی پاکوخاوێنی نیشتمانیدا بووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل