بەهۆی کەشوهەواوە زانکۆی سۆران بۆ ماوەی هەفتەیەک خوێندنی قۆناغی یەکەمی کردە ئۆنلاین

ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران لە پێناو سەلامەتیی قوتابییان بڕیاریدا لە سبەی شەممەوە تا کۆتایی هەفتە، خوێندنی قۆناغی یەکەمی سەرجەم بەشە زانستییەکانی بکرێتە ئۆنلاین، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەبێت و پەک ناخرێت.

هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، زانکۆی سۆران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەهۆی نالەباریی کەش و هەوا و لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی و تەندروستیی قوتابییان، ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران بڕیاریدا، کە خوێندنی قوتابییانی قۆناغی یەکەمی بەشە زانستییەکانی سەرجەم فاکەڵتییەکانی زانکۆی سۆران، بۆ ئەم هەفتەیە لە 3ـی کانوونی دوومی 2026 تاکوو 8ـی کانوونی دووەمی 2026، بکرێتە ئۆنلاین.

باسی لەوەش کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش، بەشە زانستییەکانی سەرجەم فاکەڵتییەکان، کات و خشتەی بەڕێوەچوونی وانەکان بەگوێرەی ئەم پێشهاتە تازەیە ئامادە دەکەن و بۆ قوتابییان ڕەوانە دەکرێت.

زانکۆی سۆران لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداریشی داوە، ئەم بڕیارە تەنیا تایبەتە بە قوتابییان، دەوامی کارگێڕی فەرمانبەرانی زانکۆ ئاسایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە، شەپۆلی بەفر باران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامی دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل