بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەداتە شۆفێران

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا هۆشداری دەداتە شۆفێران، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و تەمەوە زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ هەینی 2ی کانوونی دووەمی 2026، ئاگادارییەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماو دروستبوونی تەمێکی زۆر لە شاری سلێمانی و دەوروبەری و کەمبونەوەی ئاستی بینین، داواتان لێدەکەین پابەندی یاساو ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن".

لە ئاگادارییەکەدا خەجت دەکاتەوە و داوا لەشۆفێران دەکات، بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت سەردانی ڕێگەکانی دەرەوەی شار نەکەن، چونکە لەچەندین شوێندا تەم هەیە و ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەمبووەتەوە.

هەروا داوا لە شۆفێران دەکات، خێرایی ئۆتۆمبێلەکانتان کەمبکەنەوە، گرنگی بدەن بەلایتی ئۆتۆمبێلەکانتان، بەتایبەت لایتی تەم بەکاربهێنن و بەدووربن لەبەکارهێنانی لایتی بەرز (فوول لایت).

هەروەها هۆشداری دەدات، ئەو ئۆتۆمبێلانەش لایتەکانیان ئیش ناکات، نەهێندرێنە سەر شەقام، تاوەکو بەدووربن لەڕووداوی هاتوچۆ.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کەشوهەوای سلێمانی بۆ ئەمڕۆکە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبێت. 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل