ئێران؛ پیسبوونی خاک زەنگی مەترسیییە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و سەرچاوەکانی ئاو
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاراستن و بەڕێوەبردنی ژینگەی وڵات، ڕایگەیاند، لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا، دیاردەی پیسبوونی خاک هەیە، بەتایبەت لە شارە پیشەسازییەکان و ئەو شارانەی کە سیستەمی ئاوەڕۆ و پاککردنەوەی ئاوەڕۆیان نییە.
شەممە، 03 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "پیسبوونی خاکی تاران بابەتێک بوو کە چەند ساڵ پێش ئێستا، هۆشداری لە بارەوە درابوو، بەڵام ئەو کێشەیە تەنیا تایبەت بە شاری تاران و دەوروبەری نییە و لە زۆربەی ناوچە و شارەکانی ئێراندا هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت؛ بە گوێرەی دواین توێژینەوەکانی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، %60ی پیسبوونی خاک بەهۆی پاشماوەکان و %21ی بەهۆی ئاوەڕۆی پیشەسازی، کشتوکاڵی و مرۆییەوەیە."
هەندێک لە پسپۆڕان هۆشدارییان داوە لەوەی پیسبوونی خاک لە سێ پارێزگای خوزستان، ئەسفەهان و کرمان لە ئاستی ستاندارد تێپەڕی کردووە و زەنگی مەترسیی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە تەندروستەکان، لێ دراوە. دۆخێک کە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، لە ساڵی داهاتوودا بەشێک لە ڕووبەری زەوییەکانی ئەو سێ پارێزگایە، چیتر بەکەڵکی کشتوکاڵ نایەن!
موحسین شەهریاری موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاراستن و بەڕێوەبردنی ژینگەی وڵات، دەڵێت: بەپیتیی خاکی وڵات بەهۆی هەژاری و کەمیی ماددە ئۆرگانیکەکان خەریکە بە تەواوەتی بێکەڵک دەبێت.
بە واتایەکی تر، کێشەکە تەنیا لە چوارچێوەی پیسبوونی ژینگە و قەیرانی کەمئاوی و خراپیی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکوو کەمبوونەوەی ماددە ئۆرگانییەکانی خاک، کەمبوونەوەی هێزی بەپیتیی خاک، پەستانی خاک، داڕووخانی زەوی و گۆڕینی ڕەوشی بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە سروشتییەکان لەخۆ دەگرێت.
بەداخەوە، تا ئێستا ئامارێکی ڕوون لەسەر ڕێژەی پیسبوونی خاکی ئێران ڕانەگەیەندراوە، هەرچەندە بوونی ئەم جۆرە پیسبوونە پشتڕاست کراوەتەوە؛ هەندێک لە پسپۆڕان لایان وایە ئەگەر ئەم ئامارە دیاری بکرێت، دۆخەکە زۆر نالەبار دەردەکەوێت.
شەهریاری موقەدەم، سەبارەت بە دەرەنجامەکانی پیسبوونی خاک، گوتی: یەکەم کاریگەریی پیسبوونی خاک، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک. هەڕەشەی ئاسایشی خۆراک لە لایەکەوە، لەوانەیە بەرهەمی ناتەندروست و زیانبەخش بەرهەم بێت چونکە زۆرێک لە پیسکەرەکان دەچنە ناو بەرهەمە خۆراکییەکانەوە. لە لایەکی دیکەوە، پیسبوونی خاک دەکرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەپیتیی خاک بۆ بەرهەمهێنانی ماددە خۆراکییەکان کەم بکاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاراستن و بەڕێوەبردنی ژینگەی وڵات، جەختی لەوە کردەوە "گرنگترین سەرچاوەکانی پیسبوونی خاک پاشماوەکان و ئاوەڕۆکانی شار و پیشەسازییە. هەروەها بەکارهێنانی بێبەرنامەی ژەهر و پەینی کیمیایی دەکرێت ببێتە هۆی پیسبوونی خاک."
ئەو، هەروا گوتی: دزەکردنی پیسکەرە نەوتییەکانی کەرتی پیشەسازیش، وەک وەرگەڕانی تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی، هۆیەکەی دیکەی پیسبوونی خاکن، هەروا خۆڵبارانیش ڕۆڵێکی بەرچاو لە پیسبوونی خاکی وڵاتدا دەبینن.
شەهریاری، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: پیسبوونی خاکی ئێران، مەسەلەیەک نییە کە ئیتر پشتگوێ بخرێت و هەوڵی دۆزینەوەی چارەی نەدرێت، چونکە پیسبوونی خاک، واتە مردنی خاک و لەناوچوونی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە. بە کورتییەکەی، پیسبوونی خاک، واتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی خۆراک.
