ئایا بڕیاری قەدەغەکردنی نازناوی ئایینی، کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش دەگرێتەوە؟
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان رایگەیاند، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی نازناوە ئایینی و نەتەوەییەکان وەک پێشگر بۆ ناوی کۆمپانیاکان بە یاسا قەدەغەکراوە و لە ساڵی 2023ـەوە جێبەجێ دەکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە نابێت سیمبوڵە نەتەوەییەکان بۆ ململانێی بازرگانی بەکاربهێنرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، بڵند مەم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند "بڕیاری قەدەغەکردنی پێشگری ناوی (شێخ، مەلا) و هێما نەتەوەییەکان بۆ ناوی کۆمپانیاکان چەندین ساڵە بە یاسا رێکخراوە و قەدەغەکراوە، هەرچەندە لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە نێو خەڵک و میدیاکان بووەتە جێی باس و خواس."
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بڵند مەم ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ساڵی 2023ـەوە، مۆڵەتی کارکردنمان بە هیچ کۆمپانیایەک نەداوە کە ئەو ناوانەی هەبێت، ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا بەو ناوانەوە دەبینرێن، مۆڵەتەکانیان هی ساڵانی پێشترە و پێش جێبەجێکردنی ئەم رێکارە تۆمارکراون."
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان هۆکاری ئەم قەدەغەکردنەی بۆ پاراستنی پیرۆزیی نەتەوەیی و ئایینی گەڕاندەوە و گوتی "هەر ناوێک پێشگری نەتەوەیی هەبێت رێگەپێدراو نییە، چونکە ئەمانە سیمبوڵی نەتەوەن و ناکرێت بۆ مەبەستی بازرگانی و قازانج بەکاربهێنرێن."
دەربارەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کە بەشێکی زۆریان پێشگری نازناوی ئایینیان هەیە، بڵند مەم باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیانە دەمێکە مۆڵەتیان وەرگرتووە بۆیە ناتوانرێت لێیان وەربگیرێت.
ئەم رێکارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی کەرتی بازرگانی و پاراستنی نازناو و سیمبوڵە گشتییەکان دێت لە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.