لە عێراق یاسایەک بۆ پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسان نییە
لە ساڵی 2025دا ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، بە شێوەیەک کە کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی ڕۆژنامەنووسان 182 حاڵەتی پێشێلکاری جۆراوجۆری دژی ئەو توێژە تۆمارکردووە.
حەسەن نەبیل، وەک پەیامنێرێکی مەیدانی تەنیا لەمساڵدا دوو جار سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، بۆ کوردستان 24 ئاماژە بەوە دەکات؛ لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا هێزە ئەمنییەکان مامەڵەیەکی توند لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکەن و هەندێک جار خراپتر لە خۆپیشاندەران ئازار دەدرێن. ئەو باسی لەوەش کرد کە هەر کاتێک ڕۆژنامەنووسان گەندەڵی هێزە سیاسییەکان ئاشکرا بکەن، دەکەونە ژێر گوشاری توند و پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، چونکە لایەنە سیاسییەکان ڕۆڵی ڕۆژنامەنووس لە داکۆکیکردن لە مافی خەڵک و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بە مەترسی دەبینن و ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێت.
لە ڕووی یاساییەوە، سەرەڕای ئەوەی ماددەی 38ـی دەستووری عێراقی فیدراڵ ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی گەرەنتی کردووە، بەڵام هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ئارادا نییە و بۆ هەر پێشێلکارییەک یان سزادانی ڕۆژنامەنووسان، دادگاکانی عێراق هێشتا پەنا دەبەنە بەر یاسای سزادانی عێراقی کە لە ساڵی 1969دەرکراوە.
ئەحمەد حەیدەر، پسپۆڕی یاسایی، جەخت دەکاتەوە؛ لە وڵاتدا یاسایەک نییە پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووس، پەیامنێر و تەنانەت شرۆڤەکارانی سیاسی بکات، بۆیە داوا دەکات پەرلەمانتاران لە خولی نوێدا گرنگی بەو ڕەشنووسە بدەن کە لە پەرلەمانە بۆ ئەوەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی بە یاسا دەستەبەر بکرێت.
کۆمەڵەی بەرگریی لە مافی ڕۆژنامەنووسان 182 حاڵەتی پێشێلکاری جۆراوجۆری دژی ئەو توێژە تۆمارکردووە. ئەم ئامارە مەترسیدارە دوو حاڵەتی کوشتن و حەوت حاڵەتی ڕفاندنی لەخۆگرتووە، لەگەڵ دەیان حاڵەتی دیکەی وەک 53 حاڵەتی ڕێگریکردن لە ڕووماڵ و 24 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، هەروەها 28 حاڵەتی تۆمارکردنی سکاڵا و 11 حاڵەتی ئازاردانی جەستەیی، کە تێیدا شاری بەغدا بە تۆمارکردنی 62 حاڵەت لە پێشەنگی هەموو شارەکانی دیکەدا دێت.
