ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر: سەری ساڵ پێشوازی لە 88 هەزار گەشتیار کراوە
ئەمڕۆ شەممە، 03ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئامارەکانی پشووی سەری ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "پلانی پێشوازی لە ساڵی نوێ، لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025 تا 1ی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام بوو و سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران."
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ماوەی پشووەکاندا پارێزگای هەولێر پێشوازی لە 88 هەزار و 341 گەشتیار کردووە، کە لە ڕێگەی بازگەکانییەوە هاتوونەتە ناو شار و ناوچە گەشتیارییەکان. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر چەندین لیژنەی تایبەتی بۆ چاودێری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە شوێنە گەشتیارییەکان، میوانخانە و چێشتخانەکان پێکەوەنابوو.
ڕەوشی ئەمنی و هاتوچۆ
لە بواری ئەمنیدا، پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراون. پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە، لە کۆی 86 حاڵەت و تاوانی جۆراوجۆر، 85 حاڵەتیان ئاشکرا کراون و تەنها یەک تاوان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
سەبارەت بە هاتوچۆ، ئاماژە بەوە کراوە "بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە 113 ئەفسەر و 937 کارمەندەوە لە ئەرکدا بوون. بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکان و خێرالێخوڕینەوە، 17 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 9 کەسی دیکە."
تیمەکانی خزمەتگوزاری بە درێژایی پشووەکان لە ئەرکدا بوون:
- تەندروستی: نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگاکە پێشوازییان لە 5,486 نەخۆش کردووە و 502 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە. هەروەها 294 منداڵ لەدایکبوون (127 کوڕ و 156 کچ).
- بەرگری شارستانی: تەنها یەک حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە، کە تەنها زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
- شارەوانی و ژینگەپارێزی: تەنها لە شەوی سەری ساڵدا 30 تۆن پاشماوە و زبڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکان کۆکراوەتەوە. جێی باسە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 128 هەزار دار و 106 هەزار گوڵ لە شاردا چێندراون.
- ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە: بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانەوە، تیمەکان بە 72 ئامێری جۆراوجۆرەوە، 1,100 کیلۆمەتر ڕێگای سەرەکییان پاککردووەتەوە و 180 تۆن خوێیان بۆ تواندنەوەی بەفر بەکارهێناوە.
فیستیڤاڵەکان و ڕێژەی بارانبارین
بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، چەندین فیستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگی خێزانی لە شوێنە دیارەکانی هەولێر وەک پارکی شانەدەر و سەنتەری شار بەڕێوەچوون، کە خۆشبەختانە بەبێ هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو کۆتاییان هات.
لەلایەکی دیکەوە، ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بە ڕێژەی بەرچاوی بارانبارینی ئەمساڵ کردووە، کە تا ئێستا گەیشتووەتە 230.6 ملم، لە کاتێکدا ساڵی پار لە هەمان ماوەدا تەنها 43 ملم باران باریبوو. ئەمەش دەریدەخات کە ڕێکارەکانی پێشوو بۆ ڕێگریکردن لە لافاو سەرکەوتوو بوون.
