پەرەنگ فەرازمەند: فەلسەفەی میوزیکی من مرۆڤایەتی و کوردایەتییە

خانمە میوزیکناس و مامۆستای زانکۆ، پەرەنگ فەرازمەند، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە ڕیتمەکانی میوزیکی کوردی دەکات و تیشک دەخاتە سەر مەقاماتی هوزامی کوردی و عەرەبی و دەڵێت: کورد زۆرجار تۆنی دووەمی تێتراکۆرد یان خود ڕەگەزی حیجاز لە مەقامی هوزام بە میکرۆتۆن لێ دەدات و دەخوێنێت، بەڵام عەرەب بە نیوتۆن پێشکەشی دەکات.


باسێکی کار و چالاکییە هونەرییەکانت بکە؟
 من ئێستا زیاتر خەریکی کار و چالاکی زانستیم لە بواری میوزیکدا، هەروەها وانەبێژم لە زانکۆی مارتین لۆتێری وڵاتی ئەڵمانیا لە بەشی میوزیکناسی، خەریکی توێژینەوەی مەیدانی و نووسینم لە بواری موزیکی کوردی، هەروەها هەر لە چوارچێوەی زانکۆکاندا دوو گرووپی میوزیکی کە لە کۆمەڵێک میوزیکژەنی وڵاتانی جۆراوجۆر پێکهاتووە و کار لە سەر مەقام و فۆرمی موزیکی ڕۆژهەڵاتی بە تایبەت کوردی دەکەین کە لەلایەن میوزیکژەنەکانی ئەڵمانیاوە پێشوازیێکی باشی لێ کراوە.

فەلسەفەی هونەری تۆ چییە لەڕووی میوزیکەوە؟
بۆ من میوزیک وەکو بڕبڕەی پشتم وایە، واتە میوزیک بەشێکی زۆری لە کەسایەتیم وەکو خودی خۆم درووست کردووە، بۆ من میوزیک واتە ژیان، ئەوە مانای بەخشیوە بە ژیان و وجودی من، لە لایەکی دیکەوە هونەر گەر لە خزمەت مرۆڤایەتی دا نەبێ زۆر بایەخی نییە، بۆ ئێمەی کورد کە جارێ خاوەن دەسەڵات نین، دەتوانین لە ڕێگەی میوزیکەکەمانەوە شوناسی نەتەوەیی خۆمان دەرببڕین، بەپارچە میوزیکێک دەتوانرێت پەیامێکی گرنگ بگەیێنرێت، میوزیک وەکو هونەرێکی کانسێپچواڵ باشتر لە دەیان کتێب و نووسراو  پەیامی خۆی دەگەیێنێت، ئەو پەیامەی کە لە ڕێی میوزیکەوە دەگەیێنرێ هەزاران جار کاریگەرترە لە هەمان پەیام کە لەڕێگەی قسەوە دەردەبردرێت، باوەڕم بە هێزی میوزیک وەکو هێزێکی سوپەرنەچڕاڵە، کەواتە فەلسەفەی میوزیکی من مرۆڤایەتی و کوردایەتییە.

ئێمە میوزیکی کوردیمان هەیە؟
 میوزیکی کوردی مۆرک و شوناسی خۆی دیارە، تەنانەت دەکرێ ئەو فرەڕەنگییە کولتووریەی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی میوزیکی کوردی بە ووردی نیشان بدرێت، کۆمەڵێک توخمی میوزیکی وەکو مەودای دەنگەکان، مۆداڵیتەکان، ڕیتم، سۆنۆریتەی ئامێرەکان و لە سەرووی هەمووانەوە فۆڕمی ئاوازی و گۆرانیەکانمان تایبەت بە خۆمانن و ڕۆحی کوردی دەردەبڕن، دەق و زمانیش کە وەکو لایەنێکی سەرەکی میوزیکەکانمان، کوردی بوونەکەی هاوار دەکا، بەڕاستی میوزیکە کوردییەکان هەندێک تایبەتمەندی خۆیانیان هەیە کە جیان لە میوزیکی گەلانی دیکە.

کام جۆر میوزیک فێربوون و ژەنینی زۆر قورسە؟
 بەگشتی فێربوونی هونەری میوزیک کارێکی ساکار نییە، مرۆڤ پێویستە زۆرترین بەشی ژیانی خۆی تەرخان بکات بۆ فێربوون و ڕاهێنان تا گەیشتن بە ئاستێکی پڕۆفیشناڵ،  بابەتێکی زۆر هەستیاریشە و پێویستی بە بەردەوام بوونی هەمیشەیی هەیە، ماوەیەک لە ژەنین و خوێندن و ئاواز دانان داببڕێیت تا ڕادەیەکی بەرچاو دابەزینی ئاستی کوالێتی ژەنینەکەت یان گۆرانی گوتنەکەت هەستی پێ دەکردرێ، هیچ وەکو بواری تیۆرێک نییە گەر ماوەیەکیش لێی دووربکەویتەوە بە چاو پێداخشاندنەوەیەک هەموو شتێکت بیردێتەوە، بەڵام میوزیک وانییە چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە یادەوەری ماسولکەکان و هەروەها لایەنی دەروونیشەوە هەیە، دەتوانم بڵێم کە هەر ژانر و ستایلێک لە میوزیک قورسایی تایبەت بە خۆی هەیە و ناکرێ بڵێم ئەوەیان لە ئەویتریان سادەترە یان بە پێچەوانەوە.

بۆچی لە زۆربەی گۆرانییە کوردییەکانی ئێستا میوزیک و ئاوازی وڵاتانی تر بەکاردەهێنرێت؟
 لەو بوارەوە دوو هۆکاری سەرەکی دەبینم ئەوانیش وەکو،  کارتێکەری کولتووری کە دیاردەیەکی حاشا هەڵنەگرە و ڕێگەشی پێ ناگیرێت، چونکە ئێمە بەهۆی بەرفراوانی میدیا و ئاسانکاری دەست گەیشتن بە داتا و زانیاری، لە هەموو سەردەمێک زیاتر بەرکەوتەی کولتوورە جیاوازەکانین، ووردە ووردە توخمی هونەری نەتەوەی دیکە هاتوونەتە ناو میوزیکەکەمان و بوون بە بەشێک لە ئەو، هەروەها هۆکاری دووەم دەگەڕێتەوە سەر کەمتەرخەمی میوزیکژەنەکان، تەنیا دەیانەوێ بە پێی ماڕکێت و ترێندی  ڕۆژی دونیا بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە لە داهاتوودا لایەنی شوناسی کوردی میوزیکەکانمان لاواز دەبێ.

ئێمە ئاوازدانەری باشمان هەیە؟
 بە دڵنیاییەوە کورد میوزیکژەن و ئاوازدانەری زۆر باشی هەیە، بەڵام هەندێکجار لایەن و گرفتی ئابووری ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەر کوالێتی بەرهەمەکانیان، پێویستە ئەو هەموو بەهرە و توانایە بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنرێت.

مەقامی هوزامی کوردی لەگەڵ عەرەبی جیاوازی چییە؟
 دەکرێ بڵێم کە هەم کورد هەم عەرەب و تورکیش مەقامی هوزامیان هەیە، بەڵام بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کردومە و  ئەو لێکدانەوانەی لە سەر مۆد و مەقامەکان کارم لەسەر کردووە، کورد زۆرجار تۆنی دووەمی تێتراکۆرد یان خود ڕەگەزی حیجاز لە مەقامی هوزام بە میکرۆتۆن لێ دەدات و دەخوێنێت، بەڵام عەرەب بە نیوتۆن پێشکەشی دەکات.

پڕۆژەی نوێت هەیە؟
پڕۆژەی نوێی زانستیم تەواوکردنی نووسینی کتێبێکە لە سەر پۆلێنکردن و ئانالیزی مەقام و میوزیکی کوردی، لە بواری هونەریشەوە  خەریکی درووستکردنی گرووپێکی موزیکی ڤیوژنم.

خانمە میوزیکناس و مامۆستای زانکۆ، پەرەنگ فەرازمەند، لەساڵی 1982 لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە، لە ساڵی 1990 لە تەمەنی 8 ساڵیدا دەستی بە فێربوونی میوزیک لەسەر ئامێری پیانۆ کردووە، خوێندنی باڵای لە بواری میوزیکدا خوێندووە، بەکالۆریۆسی لەسەر میوزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی بە ئامێری پیانۆ لە زانکۆی تاران تەواو کردووە، ماستەری لە بواری میوزیکناسی، بەشی ئێتنۆموزیکۆلۆژی، لە زانکۆی هونەری تاران تەواو کردووە، دکتۆراشی هەر لە هەمان بواری ئێتنۆموزیکۆلۆژی لە زانکۆی مارتین لۆتێری وڵاتی ئەڵمانیا وەرگرتووە، لە ساڵی 2020ەوە مامۆستای ئێتنۆموزیکۆلۆژیە لە زانکۆی مارتین لۆتێر و هاوکات خەریکی تێپەڕاندنی قۆناغی پۆست دکتۆرایە لە هەمان زانکۆ، لە ساڵی 2000ەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی جۆراوجۆری، کوردی، ئێرانی و کلاسیکی ڕۆژئاوایی چالاکی هەبووە و کۆنسێرتی بەڕێوەبردووە، ساڵانێکی زۆریشە مامۆستای فێرکردنی ئامێری پیانۆ بووە و فێرخوازێکی زۆری پەروەردە کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل