گۆران عوسمان: فیلمسازى لە کوردستاندا بەشێوەیەکی هێواش گەشە دەکات

گۆران عوسمان، نووسەر و شانۆکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە هونەری شانۆ و سینەما دەکات و تیشک دەخاتە جیاوازی سەردەمی شانۆی ئێستە و ڕابردوو و دەڵێت: لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا نەک شانۆ بەڵکو هونەر بەگشتی ڕۆڵی گرنگی خۆی هەبووە.

باسێکی کارو بەرهەمە هونەرییەکانت بکە؟ 
سەرەتای کاری هونەری و ئەدەبی من دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیم، هەمیشە بۆ کاروچالاکی هونەری و  ئەدەبیەکان ئامادەییم هەبووە، خولیای کاری شانۆ و نواندن بووم، سەرەتای تێکەڵاویم بە کاری شانۆ و چونە نێو کاری شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەشتاکان و ساڵی 1989 دەستم کرد بەکاری شانۆ، لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی شانۆکار کارێکمان نمایش کرد بە ناوی شانۆیی "شیرین و فەرهاد"، لە پاش ئەو کارە زیاتر چومە نێو کاری شانۆوە، لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی 1991، کارێکی شانۆی شەقاممان نمایش کرد بەناوی "بەیتی ئاگر"، هەروەها لە چەندین کاری شانۆدا وەک ئەکتەر وەک ئەکتەر بەشداربووم، لەکاری درامادا چەند کارێکی دەرهێنانی درامایی منداڵانم ئەنجام داوە، هەروەها کاری وێنەگرتن و مۆنتاژم بۆ دەیان بەرنامەی منداڵان کردووە، لەکاری سینەمادا بەشداری چەندین کاری فیلمم کردووە و هەروەها چەندین کارى نووسینیم لەسەر بابەتە سینەماییەکان کردووە و چەندین نوسین و چەند سیناریۆیەکی کورتە فیلم  و شرۆڤە و وەرگێڕانم بۆ کارە سینەماییەکان کردووە بەتایبەت سینەمایی ڕوسی و پۆڵەندی و کارەکانى ئەندرێى تارگۆڤسکى و شرۆڤەی چەندین فیلمی بیانی و ڕوسی.

بارودۆخی شانۆ و سینەمای کوردی چۆن دەبینی؟
بەداخەوە لە ئێستادا لە کوردستان شانۆ بە شێوەیەکی گشتی لە پاشەکشەدایە، دەتوانم بڵێم لە قەیرانێکی قوڵدایە، ئەو  قەیرانەش پشکی شێری دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و بە گرنگ وەرنەگرتنی هونەرى شانۆ بەتایبەتی لەلایەن دەزگا هونەریەکانەوە و نەبونی دەستگیرۆیی بۆ کارە شانۆییەکان،  هەندێک هۆکاریش بۆ شانۆکاران خۆیان دەگەڕێتەوە، هەندێک لە هونەرمەندە شانۆکارەکان ڕویان کردۆتە کاری سینەمایی بۆ ناوبانگ دەرکردن و پەیداکردنی پارە، چونکە هونەری شانۆ تا ئێستە نەبۆتە هونەرێکی داهات هێنەر بۆ هونەرمەندان و نەبۆتە پیشەیەکی بژێوی بۆ شانۆکاران، گەر باس لە سینەما بکەین دەبینن سینەما زیاتر چالاکترە و  گەشەسەندن و پێشکەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە، هەم لەڕوی کوالێتی و هەم لەڕوی ستافە هونەریەکانی سینەما و هەم لەروی تەکنیکی و تەکنەلۆژیاى سینەمایى  گەشەیەکی باشی کردووە، هەروەها  دەرکەوتنی چەندین گەنجی جوان و بە سەلیقە لە بواری فیلمسازاندا کاریگەری هەیە لەم گەشەسەندنەی ئێستە، لە ئێستادا چەندین کۆمپانیا و گرووپ هاتونەتە پێشەوە بۆ  سپۆنسەرکردنی چەندین فیلم و کارى دراما، ئەمەش بۆتە هۆی برەودانی زیاتر بە فیلمسازی لە کوردستاندا.

هۆکاری کەمی بینەر لە هۆڵە شانۆییەکاندا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
بینەر بەشێکی گرنگە لەشانۆدا، هەموو کارێکی شانۆیی بۆ بینەر دێتە بەرهەم و بە ئامادەبوون و بوونی بینەر لە هۆڵەکان دەبێتە جوانی تەواوکەری کارە شانۆییەکان،  قەیرانی شانۆ خۆی لە خۆیدا قەیرانی بۆ بینەریش درووست کردووە، جۆری کوالێتی کارە شانۆییەکان کاریگەری لەسەر ئامادەبوونی بینەر دەبێت لە هۆڵە شانۆیەکاندا، هۆکارێکی دیکەی کەمی بینە دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بێ کوالێتی هەندێک لەکارە شانۆییەکان و نابێتە جێگای پرس و تێڕامان و هیچ شتێک لای  بینەر جێناهێڵێت، ئەمەش وای کردووە بینەر لە شانۆ بتۆرێت و هۆڵەکان بەکەمی بینەرەوە ببینرێت، بەڵام هەندێک کارى شانۆیى هەیە کە کوالێتى بەرزە و بینەر بۆ نێو هۆڵەکان ڕادەکێشێت، هۆکارێکى ترى کەمى بینەر دۆزینەوەى ئەڵتەرناتیفى ترە بۆ شانۆ لە ڕێگەى سۆشیال میدیا و چەندین پلاتفۆرمى  ترە بۆ کات بەسەر بردن و چێژوەرگرتن لە کاتەکانى.

بە بڕوای تۆ هونەری کوردی بەتایبەت هونەری سینەما لە کوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە؟
فیلمسازى لە کوردستاندا بەشێوەیەکی هێواش گەشە دەکات،   لەو ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا  گەشەی بەرچاوی کردووە و چەندین گروپ و کۆمپانیایی بەرهەمهێن سپۆنسەری دارایی پێشکەش بە سینەماکاران دەکەن، بەڵام تا ئیستە نەبۆتە پیشەسازییەکی تەواو بەرفراوان و سەربەخۆ، واتە بە پیشەسازیکردنی فیلم  نەهاتۆتە درووست بوون، ئەمەش پێویستی بە پشتگیری دارایی زیاتر هەیە لە بواری پەرەپێدانی خوێندن و ناوەندى ئەکادیمیە هونەریەکانى بوارى فیلم سازى و دروستکردنی ستافی پرۆفیشنەڵ لەکاری فیلم سازیدا، هەروەها سینەما لە کوردستاندا هێشتا لە سەرەتای ڕێگای خۆیدایە و پێویستی بە پشتگیری و پەرەپێدانێکی زیاتر هەیە تا بتوانێت وەک پیشەسازیەکی هونەری سینەما کە خاوەن  دارایی سەربەخۆی خۆی بێت و بتوانێت کاری خۆی بکات، لە دوای ساڵی 2003، ژمارەی فیلمە کوردییەکان ڕویان لە زیاد بوون کردووە و هەندێک لە فیلمەکان بەشداریان کردووە لە چەندین  فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان و  چەندین خەڵاتیان بردۆتەوە.

 سەردەمى زێڕینى شانۆى کوردى کەى بوو؟ 
بە بۆچوونی من سەردەمێک نیە زێڕین بێت یان نا زێرین، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نەک شانۆ بەڵکو هونەر بەگشتی ڕۆڵی خۆی هەبووە، وێنەکێشێک بە تابلۆیەک و میوزیک و گۆرانی بەسرودێکی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگی خۆیان  نیشان داوە، بۆیە ئەو سەردەمە بە هونەری بەرگری زیاتر ناوزەند کرابوو، سەردەمی دروشمسازی بە گوتاری بەرگری ڕۆڵی گەورەی هەبووە، کاتێک مرۆڤ پێویستی بە ئازادی و سەربەخۆیی و دروشمی نەتەوەیی دەبێت، شانۆی دروشمدار بە پرسە نەتەوەیەکان سەنگی خۆی هەبووە و بینەرێکی زۆری لەدەوری خۆی کۆ کردبوەوە بۆ بەتاڵبونەوەی لەو فشارە دەروونیانەی  لەڕویی نەتەوەییەوە دەخرایە سەر تاکى کورد،  کەواتە شانۆیى بەرگرى بۆ ئەو سەردەمەی خۆی زێڕین بووە،  چونکە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەلایەتی و نەتەوەیی ئەوەی خواستووە، لە سەردەمی ئێستادا جیاوازییەکی گەورە دەبینین لە جۆر و کوالێتی شانۆییەکان بەراورد بە هەشتاکان، کارکردن بەشێوازی نوێ و تەکنیکی نوێ و بە ڕوانینی نوێوە کار دەکرێت و زیاتر گرنگی بەدەقی خۆماڵی دەدرێت، کە ڕەنگدانەوەی کێشە و ئاریشەکانی نێو کۆمەڵگایە و زۆر جیاوازتر لە ڕابردوو کە گرنگی زیاتر بەدەقی بیانی دەدرا و لە ئامادەکردنی دەقەکاندا بە کوردیان دەکرد و دەیانگونجاند لەگەڵ بارە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی ئەو سەردەمەدا.

پڕۆژەی نوێت هەیە؟
 لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی شانۆگەرییەکی نوێم لەگەڵ هونەرمەندان نەهرۆ محەمەد و کەمال عەلی، دەقەکەمان ئامادەیە و لە نووسینی نەهرۆ محەمەدە، هەروەها من ئێستە سەرقاڵى چەند نووسینێکم لە سەر سینەما بۆ پێگەی فیلمسازان و بەمزوانە بڵاوى دەکەمەوە، هەروەها خەریکی  نووسینی سیناریۆیەکی کورتە فیلمم.

گۆران عوسمان، نووسەر و شانۆکار، لەساڵی 1969 لە هەڵەبجەی شەهید لەدایک بووە، لەکۆتایی هەشتاکاندا هاتۆتە نێو دونیای هونەر و ئەدەبەوە، بەشداری چەندین کاری شانۆیی و دراما و فیلمی دیۆکۆمێنتاری کردووە و چەندین نووسینی هەیە دەربارەی سینەما و فیلمسازی.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل