محەممەد عارف جزیری و لاوکی " بەفرباری"

لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو لاوکانەی بووەتە ترێند لە سۆشیال میدیا و هاووڵاتییان لەسەر وێنە و ڤیدیۆی خۆیان دادەنێن لە نێو بەفر، لاوکی " بەفر باری" هونەرمەندی کۆچکردوو محەممەد عارف جزیرییە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، باوکی مێڤان، کە خاوەنی کۆنترین تۆمارگەیە لە زاخۆ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە زستانی ساڵی 1957 لە چایخانەی باوکم، هونەرمەند محەممەد عارف جزیری  و ژمارەیەک هونەر دۆست و هاوڕێ و هەڤاڵی دیکە بەیەکەوە دادەنیشن و محەممەد عارفیش بە دەنگێکی تەواو کوردی و چیایی دەست بە گوتنی لاوکی، بەفرباری، دەکات و پەیڤەکانی ئەوندە جوان و کاریگەر دەبن، چەند جارێک لەسەر داواکاری ئامادەبووان دەیڵێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەفرباری لە زستاندا گوتراوە، بەڵام ئەم هونەرمەندە، لاوکەکە تێکەڵ بە ئەڤین و خۆشەویستی دەکات و باوکیشم لاوکەکەی زۆر لەلا تایبەت دەبێت، هەربۆیە یەکەم کەس لەلای باوکم لە نێو چایخانەکە لاوکەکە تۆمار دەکات و دواتر لە ڕێگەی باوکمەوە دەچێتە رادیۆ بەغدا و یەکەم بەرهەمی کاسێتی خۆی تۆمار دەکات و یەکێک لە لاوکەکانی بەفر باری دەبێت، هەرچەندە لە چەند کاسێتی دیکەش دا، ئەم لاوکەی گووتووە.

باوکی مێڤان باس لەوە دەکات، محەممەد عارف کوڕی بنەماڵەکەی ئێمەبوو، هیچ کەس بەقەد ئێمە لێی نزیک نەبوو، لە هەر چوارپارچەی کوردستانیش هیچ کەسێک وەکو ئێمە ئەرشیف و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەی هەڵنەگرتووە، هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی تازە ئاشنای هونەر و بەرهەمەکانی بن ئەو هونەرمەندە مەزنە ببن.

"محەممەد عارف جزیری و لاوکی بەفر باری "

بەفر باری،، زۆزانا،، بەفر باری

ئیرۆ مالەکێ زوومێ مالا بابێ من ڕەبەنێ خودێ بارکری

زووما بارکری، ڕەبنۆ دینۆ وارا بارکری، دانە سەر وی واری.

بەفر باری، تەنیا سترانێک نییە، بەڵکوو تابلۆیەکی زیندووی سروشت و ڕۆحی مرۆڤی کوردە لەنێو ناو سەرما و ژیانی ئەو سەردەمەی لاوکەکەی لێ تۆمارکراوە، هەروەها کاتێک گوێت لە پەیڤ و لاوکەکە دەبێت، هەست بە ساردیی کڕێوە دەکەی، محەممەد عارف بە شێوەیەک وەسفی بارینی بەفر دەکات،  وا هەست دەکەی بەفرەکە بۆ شاردنەوەی خەمەکان دەبارێت.

جزیری لە ساڵی 1912 لە شاری جزیر لە باکووری کوردستان لە دایکبووە بەڵام هەر لە تەمەنی گەنجێتی دا ڕوودەکاتە باشووری کوردستان و شاری زاخۆ، دواتر لەگەڵ هونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە تێکەڵی دروست دەکات و زیاتر لە 300 ستران لە رادیۆ بەغدا تۆمار دەکات و لە 17ـی کانوونی یەکەمی 1986 کۆچی دوایی کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل