سیخوڕێکی ئەمەریکی لەناو حکومەتی ڤەنزوێلا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چی کردووە؟

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاشکرای کردووە، "سیخوڕێکی واشنتن لەناو حکوومەتی ڤەنزوێلا" هاوکاری وڵاتەکەی کردووە بۆ دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا.

شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا "دەلتا فۆرس"، بە هاوکاری سەرچاوەیەکی نێو دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا "سی ئای ئەی" کە لە ناو حکوومەتی ڤەنزوێلادا کاریکردووە، توانیویانە لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بن و مادۆرۆ دەستگیربکەن. 

ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە ئەو سەرچاوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆی کردووە تاوەکو ئەو کاتەی دەستگیرکراوە.

شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆی کردووە، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە مادۆرۆ لە قەڵایەک دەربهێنن کە بەشێوەیەکی توند پاسەوانی دەکرا.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "فۆکس نیوز"، ترەمپ گوتی، "هیچ کاتێک شتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ڕووداوکەم کردووە، وەک ئەوەی سەیری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بکەم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیان بۆ ناو کەشتییەکی ئەمەریکی گواستوەتەوە، لەوێشەوە دواتر دەبرێنە نیویۆرک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاریی پەیوەست بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە و دادگایی بکرێن.

ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە، چوار ڕۆژ پێش ئێستا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵکردووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا دواخرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مادورۆ کاتێک دەستگیرکراوە لە قەڵایەکدا بووە، هاوکات لەو ئەرکەدا هیچ کام لە پیاوەکانمان نەکوژراون، ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لە پیاوەکان برینداربوون، بەڵام گەڕاونەتەوە و تەندروستییان زۆر باشە".

ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادۆرۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل