ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شەپۆلەکانی بارانبارین و بەفر لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە، داهاتێکی گەورەی ئاویان بۆ بەنداوەکان دابین کردووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بڕی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان گەیشتووەتە 2 بۆ 3 ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو، ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان ساڵی 2026 بە کەشێکی تەڕ و پڕ لە ئاو دەستپێبکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان، تەنیا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زیاتر لە 500 ملیۆن مەتری سێجا ئاو کۆگاکراوە، کە تێیدا ئاستی ئاوی دەربەندیخان 5 مەتر و دوکان 4 مەتر بەرزبووەتەوە.
هەروەها بەنداوی دهۆک ملیۆنێک مەتری سێجا ئاوی تێدا کۆگا کراوە و ئاستەکەی 41 سانتیمەتر زیادی کردووە، لە کاتێکدا بەنداوی گۆمەسپان داهاتی ملیۆنێک مەتری سێجا بووە و ئاستی ئاوەکەی یەک مەتر بەرزبووەتەوە.
بەنداوە بچووک و مامناوەندەکانی تریش لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان بە سەلامەتی شەپۆلی لافاوەکانیان تێپەڕاندووە و زۆربەیان گەیشتوونەتە خاڵی پڕبوون.
بەرپرسانی وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، چونکە توانەوەی بەفر لە ناوچە نزمەکان دەبێتە هۆی زیاتربوونی داهاتی ئاو بۆ ناو بەنداوە گەورەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان گەشبینییەکی زۆری لای جوتیاران و شارەزایانی سەرچاوەکانی ئاو دروست کردووە بۆ ساڵێکی کشتوکاڵیی دەوڵەمەند.
هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کەرتی کشتوکاڵ، پشت بە کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکان دەبەستێت، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بارانبارین، بەنداوەکان ڕووبەڕووی مەترسیی دابەزینی ئاستی ئاو بوبوونەوە، زیادبوونی داهاتی ئاو لە سەرەتای ساڵی 2026دا، نەک تەنیا ئاسایشی ئاو بۆ هاوینێکی بێ کێشە مسۆگەر دەکات، بەڵکو یارمەتیدەرێکی سەرەکیش دەبێت بۆ بوژانەوەی ژینگەی ناوچەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.
