لە سێ قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاری دا ڕۆژی یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2026، لە هەر سێ قەزای مێرگەسۆر، چۆمان و سیدەکان بکرێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکاندا.
ئەم بڕیارە دوای ڕاوێژ لەگەڵ وەزیری ناوخۆ دراوە و هۆکارەکەی بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی و بوونی مەترسی لەسەر ژیانی فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پشووەکە تەنیا ئەو فەرمانگە و دامەزراوانە ناگرێتەوە کە خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان و ئاڵوگۆڕە پێویستەکان پێشکەش دەکەن، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ڕێگریکردنە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە بەهۆی شەختە و سەرمای توندی ناوچەکەوە لە کاتی هاتوچۆی فەرمانبەران بۆ سەر کارەکانیان بێتە ئاراوە.
قەزاکانی مێرگەسۆر، چۆمان و سیدەکان دەکەونە ناوچە شاخاوییە هەرە بەرزەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی توندی بەفربارین و سەرما دەبنەوە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییان و هەبوونی ڕێگەی سەخت و پڕ پێچوپەنا، دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختەیەکی زۆر لەسەر ڕێگەوبانەکان، ئەمەش زۆرجار هاتوچۆ ئەستەم دەکات و مەترسیی ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات، هەر بۆیە ئیدارەی ناوچەکە لە کاتی وەهادا پەنا بۆ ڕاگەیاندنی پشوو دەبات.
