بەرگری شارستانی: 35 هاووڵاتی لە بەفر و بارانی سیدەکان ڕزگارکران
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، لە ماوەی دوو ڕۆژدا 35 هاووڵاتییان ڕزگار کرد کە بەهۆی بەفر و بارانی زۆرەوە لە گوندێکی قەزای سیدەکان گیریان خواردبوو.
بەرگری شارستانی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تا ئێستا 17 کەس لەکۆی ئەو 35 کەسەی ڕزگارکراون، بە سەلامەتی گەڕێندراونەتەوە و ئەوانی دیکەش دەگەڕێندرێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییانە کە پێکهاتوون لە 7 خێزانی دانیشتووی سۆران، بۆ مەبەستی گەشت و سەری ساڵ گەڕابوونەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان لە گوندی چەمەلوانی سەر بە ناحیەی کانییە ڕەش، بەڵام بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا و داخستنی ڕێگەکان، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەوێ مابوونەوە، پڕۆسەی ڕزگارکردنیان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران و بە هاوکاریی لایەنە حکوومییەکانی ناوچەکە لە دوو شەوی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، تا ئێستا 17 کەس کە سەر بە 3 خێزان بوون گەڕێندراونەتەوە سۆران، هەروەها 18 کەسی تریش کە 4 خێزانن تا ئێستا لە گوندەکە ماونەتەوە.
تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵدان تاوەکو ئەمشەو تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی تریش ڕزگار بکەن و بە سەلامەتی بگەیێندرێنەوە ناو خێزانەکانیان.
قەزای سیدەکان و ناحیەی کانییە ڕەش بە یەکێک لە سەختترین و کوێستانیترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێن، لەگەڵ هەر شەپۆلێکی بەفر و بارانی تونددا، ڕێگەی دەیان گوند لەو ناوچەیە دادەخرێن و مەترسیی گیرخواردنی هاووڵاتییان دروست دەبێت، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەم وەرزەدا لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی لەم شێوەیە و گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە بۆ ئەو گوندانەی کە بەهۆی بەفرەوە ڕێگەی هاتووچۆیان لێ دەبڕدرێت.
