گەڕەکێکی دیمەشق مووشەکباران کرا

دیمەنی ناوەوەی مزگەوتی محەممەدی پاش مووشەکبارانەکە. سەرچاوە: سکای نیوز
دیمەنی ناوەوەی مزگەوتی محەممەدی پاش مووشەکبارانەکە. سەرچاوە: سکای نیوز

سێ مووشەک لە گەڕەکی مەززە لە دیمەشق کەوتنە خوارەوە زیانیان بە مزگەوتێک و باڵەخانەی پەیوەندییەکان گەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی دیمەشق، ڕایگەیاند "ئێوارەی دوێنێ شەممە، 3ـی کانوونی دووەم، سێ مووشەک لە گەڕەکی مەززە لە دیمەشق کەوتنە خوارەوە؛ یەکێک لە مووشەکەکان بەر گومەزی مزگەوتی محەممەدی کەوتووە و دووەمیان لە باڵەخانەی پەیوەندییەکانی داوە و سێیەمیشیان لە نزیک فڕۆکەخانەی مەززە کەوتووەتە خوارەوە."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی دیمەشق، بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی دیمەشق لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە گەڕەکەکە بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکان و دۆزینەوەی ئەو شوێنەی کە مووشەکەکانی لێوە هەڵدراون.

دانیشتووانی گەڕەکی مەززە لە ڕۆژئاوای پایتەختی سووریا، بە ئاژانسەکانی هەواڵیان گوتووە "تەقینەوەی مووشەکەکان بوونەتە هۆی شکانی شووشەی پەنجەرەکانی باڵەخانەی پەیوەندییەکان و گومەزی مزگەوتی محەممەدیش زیانی بەرکەوتووە؛ بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە."

بە گوێرەی شایەتحاڵەکان، مووشەکەکان لە باغەکانی ناوچەی 'داریا'وە هەڵدراون، بەڵام ئەمە لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەمە سێیەم جارە دیمەشق مووشەکباران دەکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل