پزیشکانی بێ سنوور هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە کارەکانی لە غەززە دەکات
ئیزابێل دوفۆرنی، سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF)، ڕایگەیاند؛ ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییەکانیان پێچەوانە نەکاتەوە، ڕێکخراوەکە ناچار دەبێت لە مانگی ئاداری داهاتوودا کۆتایی بە تەواوی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی لە کەرتی غەززە بهێنێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور، پێی وایە ئامانجی ئەم فشارانەی ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان "شاهیدی ئەو توندوتیژیانەن کە سوپای ئیسرائیل ئەنجامی دەدات". ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئیسرائیل ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی دەکات بچنە غەززە و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیش دەکاتە ئامانج.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئیسرائیل جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییەکانی 37 ڕێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی (لە نێویاندا MSF) پشتڕاستکردەوە. پاساوی ئیسرائیل بۆ ئەم هەنگاوە ئەوەیە، ئەو ڕێکخراوانە لیستی ناوی ستافە فەڵەستینییەکانی خۆیان بەگوێرەی یاسا نوێیەکان پێشکەش نەکردووە، کە وادەی تۆمارکردنیان لە کانوونی دووەمی 2025دا کۆتایی هاتووە.
دوفۆرنی لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی "فرانس ئینتەر"، ئەم بڕیارەی ئیسرائیلی بە زیادەڕەوییەکی ئاشکرا وەسف کرد. ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەم ڕێگرییانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکە خاوەنی 800 کارمەندی فەڵەستینی و 40 کارمەندی نێودەوڵەتییە و لە 8 نەخۆشخانەی جیاوازدا کار دەکەن.
پزیشکانی بێ سنوور ڕۆڵێکی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەگێڕێت، لە ساڵی 2025دا، چارەسەری بۆ زیاتر لە 100 هەزار بریندار و تووشبووی سووتاوی کردووە. هەروەها ڕێکخراوەکە دووەم گەورەترین دابەشکەری ئاوی پاکە لە غەززە. و جگە لە ڕووی هاوکاریکردنی پڕۆسەی لەدایکبوونەوە، پلەی دووەمی لەسەر ئاستی کەرتی غەززە هەیە.
لە ئۆکتۆبەری 2023وە تا ئێستا، زیاتر لە 500 کارمەندی مرۆیی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، کە 15 کەسیان ئەندامی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور بوون.
