سوودانی: چەکداماڵینی گرووپەکان بڕیارێکی نیشتمانییە و ڕێگە لە دەستوەردانی دەرەکی دەگرێت
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، جەختی کردەوە؛ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی سەروەریی وڵات و ڕایگەیاند پڕۆسەی چەکداماڵینی گروپەکان تەنیا لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەم وتانەی سوودانی لە میانی بەشداریکردنی بوو لە مەراسیمی فەرمیی شەشەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمەریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرانە ئامانج.
سوودانی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: "شەش ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاشکرادا، هاوەڵەکانیان کرانە ئامانج. ئەو تاوانەی لە نزیک فڕۆکەخانە ئەنجامدرا، پێشێلکارییەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان و شوێنێکی ئەمنیی مەدەنی بوو."
سەرۆک وەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر پرسی چەکداماڵینی گرووپەکان و گوتی: "دیدگای ئێمە بۆ سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، بۆ مەبەستی چەسپاندنی سەروەرییە. ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی عێراق و بڕینی بیانووی ئەو لایەنە دەرەکییانەیە کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەمان."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد؛ "مەرجەعیەتی باڵای ئایینی" هەمیشە جەختی لەسەر پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کردووەتەوە، دووپاتیشی کردەوە "پڕۆسەی داماڵینی چەک پڕۆسەیەکی نیشتمانیی تەواو عێراقی دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سوودانی هۆشداریدا لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە و گوتی: "ئیسرائیل هەوڵی جێبەجێکردنی پلانە مەترسیدارەکانی دەدات، چونکە چاک دەزانێت عێراق بەردی بناغەی سەقامگیریی ناوچەکەیە."
