کارەبای سلێمانی: بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر گەیشتووەتە زیاتر لە 76 مێگاوات
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، سیروان ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، نوێترین ئاماری بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوەی لە سنووری پارێزگاکە خستەڕوو.
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی وزە نوێبووەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هاووڵاتیان و خاوەنکاران زیاتر ڕوو لە دانانی سیستمی وزەی خۆر 'سۆلار' دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی سیستمەکەیان داناوە و بە فەرمی تۆمار کراون، گەیشتووەتە 2590 هاوبەش.
بەگوێرەی گوتەی سیروان ئەحمەد، کۆی گشتیی ئەو کارەبایەی لە ڕێگەی ئەم سیستمە تۆمارکراوانەوە بەرهەم دەهێنرێت، گەیشتووەتە 76.390 مێگاوات. هاوبەشەکانیش بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون:
ماڵان: 2173 هاوبەش.
کەرتی بازرگانی: 337 هاوبەش.
کەرتی کشتوکاڵ: 70 هاوبەش.
کەرتی پیشەسازی: 15 هاوبەش.
فەرمانگە میرییەکان: 5 هاوبەش.
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە؛ ئەم ئامارانە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە فەرمی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردووە و ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ڕەنگە ژمارەیەکی دیکەی هاوبەشان هەبن کە سیستمەکەیان داناوە بەڵام تا ئێستا بۆ تۆمارکردن سەردانی کارەبای سلێمانییان نەکردووە.
