هەڵەبجە.. تۆمەتبارێک بەتۆمەتی دزینی ئاڵتوون لە ماڵی دراوسێیەکەی دەستگیرکرا
ئەمڕۆ یەکشەممە،ڤ 4ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، چووەتە سەر ماڵی یەکێک لە دراوسێکانی و چەند پارچە ئاڵتوون و کەلوپەلی دزیوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی هەڵەبجە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانیویانە کەسێک دەستگیر بکەن کە تۆمەتبارە بە دزینی چەند پارچە ئاڵتوونێک، کەلوپەلی جوانکاریی خانمان و کامێرایەکی چاودێری لە ماڵی دراوسێیەکی.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی لەسەر دزینی کەلوپەلەکانی تۆمار کرد، مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد. لە ئەنجامدا توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (هـ. ل. ف) کە تەمەنی 28 ساڵە و پیشەی کاسبە، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێت.
دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. ئێستا بەگوێرەی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵی بەردەوامن.
