پاتریارک مار ئاوای سێیەم: سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین
پاتریارک مار ئاوای سێیەم ڕایدەگەیەنێت، دروستکردنی مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئاشوور لە سێمێل، ڕێزلێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە قوربانیانی جینۆسایدی ساڵی 1933 و سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکە.
ئەمڕۆ، لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئاشووری لە شارۆچکەی سێمێل، پاتریارک مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کلێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە وەک ڕێزلێنانێکی شایستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گیانی شەهیدانی جینۆسایدی ساڵی 1933 کە دەرهەق بە ئاشوورییەکان ئەنجامدرا."
پاتریارک مار ئاوا، ستایشی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و بەدەنگەوە هاتنی داواکارییەکانیان؛ بەتایبەتی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە پڕۆژەکە و دووپاتی کردەوە، کە پڕۆژەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانی تەواو دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، پاتریارکی کڵێسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری ئاماژەی بە زیانەکانی بە ئامانجکردنی ئاشوورییەکان لە ساڵی 1933 کرد و گوتی: "لەو جینۆسایدەدا 3 بۆ 5 هەزار ئاشووری کۆمەڵکوژ کران، کە ئافرەت، پیر، منداڵ و پیاوانی ئایینیشیان تێدابوو. تاوەکو ئێستاش ڕووفاتەکانیان لەم شوێنە ماوەتەوە."
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، ئەمە ڕووداوێکی یەکجار گەورە و کاریگەرە لە مێژووی ئاشوورییەکاندا و گوتی: "برینی ئەم جینۆسایدە تاوەکو ئەمڕۆش ساڕێژ نەکراوە و ساڕێژیش نابێت، تا ئەو کاتەی حکوومەتی عێراق بە فەرمی دان بەو جینۆسایدەدا نەنێت و هەموو بەرپرسیارییەتییەکی یاسایی و مێژوویی ئەو تاوانە لە ئەستۆ نەگرێت."
