حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بەهۆی راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکان، ژمارەیەک عومرەکاری دیکەی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی وشکانی گەڕانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، کاروان ستونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئێوارەی ئەمرۆ ئەو عومرەکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە سعوودیە بوون بە سەلامەتی لە ڕێگەی وشکانییەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.

کاروان ستونی گوتیشی: بەشی زۆری ئەو عومرەکارانە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە گەشتیان کردبوو، بەڵام بەهۆی راگرتنی گەشتی ئاسمانی بە ناچاری بە ڕێگەی وشکانی گەڕانەوە.

گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە دا، رۆژی یەکشەممە، ژمارەیەک عومرەکاری دیکە لە ڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە، هەروەها تاوەکو بارودوخی ناوچەکە بەم شێوەیە بێت لە ئەگەری نەبوونی فرۆکە ناچاردەبن عومڕەکارەکان بە ڕێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە.

هەروەها حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە تاوەکو بارودۆخ سەقامگیر دەبێتەوە لە پێناو سەلامەتی خۆیان گەشتی عومرە نەکەن.