وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاسانکاری بۆ قوتابییانی چەمچەماڵ دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن، ئاسانکاری بۆ قوتابییانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ دەکات و دەڵێت: پێویست ناکات پشتگیری لە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بهێنن.
یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (21) کە ئەمڕۆ دەرچووە، تایبەتە بە لێخۆشبوون لە قوتابییانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، بۆ بڕی کرێی خوێندنیان، بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026).
لە نووسراوی فەرمانە وەزارییەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا، جەختی لەوە کردەوە، پێویست ناکات قوتابییان پشتگیری لە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بهێنن، بەڵکو بە هەماهەنگی نێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکان لە ڕێگەی سیستمی زانکۆلاین، لە کۆدی تاقیکردنەوە کە بریتییە لە 13 ژمارە و ژمارەی (پێنجەم و شەشەم) بۆ دەرچووانی پەروەردەی چەمچەماڵ بریتییە لە (05) دڵنیا ببنەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونیان قەزای چەمچەماڵ و ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی لافاوەکەیە، کاری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دابوو بە، لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی؛ بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بۆ قوتابییانی چەمچەماڵ و دەوروبەری.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردبووەوە، کە پێویستە قوتابییان بە دیکۆمێنتى یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەى بڕیارى لێخۆشبوون لە کرێى خوێندن بیانگرێتەوە.
سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانی گرتەوە، لە ئەنجامدا لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە دروست بوو.
بەپێی ئامارەکان لافاوەکە زیانی بە زیاتر لە 1258 ماڵ، 116 دوکان و نزیکەی 500 ئۆتۆمبێل گەیاندبوو. دوای کارەساتەکە، چەندان هەڵمەتی جۆراوجۆر بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەستیان پێکرد.
هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، هەر زوو تیمەکانی ڕاسپارد بۆ هاوکارییکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ.
