سەرکەوتنی "جۆ بایدن" چاوەڕوانی سیاسەتێکی تازە
بە شێوەیەکی ئەرێنی لەلایەن رایگشتی وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی پێشوازی لێکرا
سەرکەوتنی "جۆ بایدن" لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایهتەیەکگرتووەکانی ئهمهریكا بە شێوەیەکی ئەرێنی لەلایەن رایگشتی وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی پێشوازی لێکرا، کە بێزار ببوون لەو سیاسەتە نەرێنییانەی کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا "دۆناڵد ترهمپ " پەیڕەوی دەکرد بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی.
تەنانەت رێکخراوێکی وەک ناتۆ کە ئهمهریكا یەکەم ئەندامیەتی لە رووی سەربازی تەواو پشت گوێیی خستبوو، بۆ نموونە رێگای تەواوی بە وڵاتێکی وەکو تورکیا دابوو، کە بە هەوەسی خۆی هەڵسوکەوت بکات چ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا و چ لە داگیر کردنی رۆژئاوای کوردستان،کە ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرپێچی خودی دەستوری ناتۆیە.
كەچی وڵاتانی وەک بەرازیل، ئیسرائیل و سعوودیە زور نیگەران بوون بە سەرنەکەوتنی ترهمپ و بە هیوای ئەوە بوون جارێکی تر ترهمپ لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە.
ئەگەر چی هێشتا زووە لە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک بایدن تێبگەین، تاکە هیوا ئەوەیە جیاوازییەک هەبێت لە نێوان سیاسەتی ترهمپ و سیاسەتی ئەو هەشت ساڵەی سەرۆکی پێشووتر "باراک ئۆباما"، بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دووبارە نەبوونەوەی ئەو هەڵانەی کە لە رابردوو ئەنجام درابوون، کە ئەو کات "جۆ بایدن" جێگری ئۆباما بوو.
لە لایەکیدیکەوە ئەو هاوکێشەیەی کە ترهمپ پەیڕەوی دەکرد لەگەڵ پەکین، بەتایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا پێش جێهێشتنی پۆستی سەرۆکایەتی، کە گرژییەکانی نێوانیان زیاتر ببوو، وا پێدەچێت سیاسەتی "جۆ بایدن" رێگەی تر بگرێتە بەر سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، رەنگە نەرمتر بجوڵێت لە تاوتوێکردنی پرسهکانی نێوانیان. سەرەڕای ئەوەی رکابەرایەتیکردنی چین وەکو دەوڵەتێکی زلهێز بابەتی سەرەکی ئەمەریکا دەبێت، لەهەمانکاتدا مانەوەی چین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکای ناڕەحەت کردووە، بەتایبەتیش ئەو رێککەوتنە درێژخایەنەی کە لە نێوان پەکین و تاران دا هەیە.
هەرلەبەر ئەوە گومان و دوودڵیەکی زۆر چاوەڕوانی "جۆ بایدن" دەکات سەبارەت بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوهڕاست، لەگەڵ چوونی بۆ ناو کۆشکی سپی کە بڕیارە لە (20ی مانگی داهاتوو) بێت، چونکە "بایدن" پێشتر وەک جێگری سەرۆک ئۆباما و سەرۆکی پێشووی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران، لە نزیکەوە هەڵە ستراتیژییەکانی "جۆرج دەبلیو بوش"ـی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بینی، لەگەڵ خراپی بەڕێوەبردنی دیبلۆماسی "ئۆباما" و سیاسەتی ناجێگیری "دۆناڵد ترهمپ". بۆیە تا رادەیەک شارەزایی وەرگرتووە لە هەڵەی سەرۆکەکانی پێشووی وڵاتەکەی بەتایبەتی لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.