ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری دووەم دانیشتنی وەرزی یەکەمی خولی شەشەمی یاسادانانی بڵاوکردەوە.

 پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری ئەمڕۆی بڵاوکردەوە کە لە سێ بڕگە پێکدێت، بڕگەی یەکەم، دەنگدانە لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران.

بڕگەی دووەم، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران.

بڕگەی سێیەم، گفتوگۆی گشتیی دەکرێت.

یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24دا گوتی: لە عێراق، پەرلەمان سەنتەری پرۆسەی سیاسییە و ناوەندی دەرکردنی بڕیارە گرنگەکانە، بۆیە پارێزگاریکردن لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کورد زۆر گرنگە.

فەرهاد ئەترووشی، لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی نوێی پەرلەمان پێشنیازی کرد، سەرۆکایەتیی پەرلەمان تێڕوانینێکی تایبەتی بە دەسەڵاتی یاسادانان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەبێت، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیان هەبێت لە جێبەجێ کرد یاساکان و دیاریکردنی یاسا گرنگەکان و ئەوانیش پێشوازیان لە پێشنیازەکە کرد، گوتیشی، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، هێڵی گشتیی بۆ سیاسەتی پەرلەمان دابنێین و لیژنەیەک دروست بکەین.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، بۆ ئەوەی فیدراڵیەتی دارایی جێبەجێ ببێت، چونکە بەشێکی زۆری داهاتی عێراق لە ڕێگەی نەوت و گازەوە دابین دەکرێت، بەبێ جێبەجێکردنی یاسا و دەستووریش هەرگیز هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت و دەبێت دەستوور دادوەر بێت.

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەیەک دروست دەکەن بۆ ئەوەی هەندێک پێوەر دابنێن و چاودێری دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمان بکەن، گوتیشی: دابەشکردنی لیژنەکانی بەشێوەیەکی کاتی دەبێت و تەنیا بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی پەرلەمان دەبێت تاوەکوو حکوومەتی نوێ پێکدەهێنرێت.

سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل