ئومێد کەمال: شانۆ ئەو مەعشووقەیە بۆی دەسووتێم
ئومێد کەمال، دەرهێنەر و نووسەری بواری شانۆ و دراما، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە دۆخی دراما و شانۆی کوردی دەکات و تیشک دەخاتە سەر لایەنە باش و خراپەکانی ڕەوتی شانۆی ئێستا و دەڵێت، گرنگە ئەو لایەنە لەبەرچاو بگیرێ کە یەکێک له ڕەگەزە سەرەکییەکانی شانۆ بینەرە، کەم و زۆری بینەر کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئاست و بەردەوامی نمایشە شانۆییەکان.
کوردستان24: باسێکی کارە هونەرییەکانت بکە لە ڕووی نووسین و دەرهێنانەوە؟
ئومێد کەمال: سەرەتای کاری من لە ساڵی 2000 بەنووسینی شیعر دەستیپێکرد، دواتر ساڵی2002 دەستم بە وێنەکێشان کرد، هەر هەمان ساڵ چوومە ناو دونیای شانۆ، لەوکاتەوە تا ئێستا شانۆ بووە بەو مەعشوقەی تا ئێستاش بۆی دەسووتێم، تا ئێستا لەگەڵ تیپی شانۆی پیرەمەگروون زۆرترین کاری شانۆییمان کردووە، کە نووسین و دەرهێنانی خۆم بووە، هەروەها لە نووسینی شیعر و چیڕۆک و شانۆنامە و درامای تەلەفزیۆنی بەردەوامم، ئەو درامایانەی وەک نوسەر و سینارست کارم تێیدا کردووە وەکو، قاقا، تازەباو، سەمەرە، کۆشکی هەنار، هەروەها ئەو دراما و بەرنامانەی کە نووسەر ودەرهێنەر بووم وەکو، بەرنامەی مقۆمقۆ، بەرنامەر زوومی زام، درامای ئاسەوار، درامای چۆڵەماڵ.
کوردستان24: بۆچی لەکارە شانۆییەکاندا، زیاتر دەقە بیانییەکان بەکاردێت؟ ئێمە دەقی خۆماڵیمان نییە؟
ئومێد کەمال: هەڵبژاردنی دەق پەیوەستە بەدەرهێنەرەوە کە دەقی بیانی یان خۆماڵی هەڵدەبژێرێت، هەردووکیان کاریگەری خۆیان هەیە لەسەر بینەر، زۆرجار دەقە بیانیەکان ئامادە دەکرێنەوە تا بگونجێندرێت بۆ وڵاتی خۆمان، من زیاتر کار له دەقە شانۆییەکانی خۆم دەکەم، شانۆگەرییەکانم کاریگەری و کاردانەوەی هەبووە و هەستم کردووە بینەر حەزی پێ دەکات، ئێمەیش کار بۆ بینەر دەکەین، بۆیە گرنگە ئەو لایەنە لەبەرچاو بگیرێ، کە یەکێک له ڕەگەزە سەرەکییەکانی شانۆ بینەرە، کەم و زۆری بینەر کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئاست و بەردەوامی نمایشە شانۆییەکان.
کوردستان24: گلەیی ئەوە دەکرێت کە بینەر لە شانۆ تۆراوە، چی بکرێت بۆ ئەوەی بینەر بە هۆڵەکانی شانۆ ئاشنا بکرێنەوە؟
ئومێد کەمال: ئەو کارانەی لەو ساڵانەدا کراون جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە بۆ ئەوکەسانەی پێی ماندووبوون، بەڵام بەشێکیان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کێشەکانی خەڵک نەبوون، بۆیە تەنیا ماندووبوون و بەهەدەردانی پارەیەکی زۆربووە و هیچ کەسایەتییەک یان ڕووداوێک یان کۆتایی دراماکە نەبووە بە بابەتی ڕۆژ و قسە و باسی ناو خەڵک، زۆرجار هەڵبژاردنی سیناریۆ و تەواوی ستاف بە لایەنگری بووە، ئەگەر باسی بینەر بکەین ئەوا بینەری ئێمه مافی خۆیەتی سەیری هەموو کارێک بکات، من هێنده ڕەشبین نیم بەوەی دراما کوردییەکان بینەری نەبووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی ڕۆژانەی خەڵکی کە هەیەتی بۆکارەکانمان، بەهیوام تەلەفزیۆنەکان گرنگی بە توانا باشەکان بدەن بۆ درامای کوردی.
کوردستان24: لەگەڵ شیعر نووسین چۆنی؟
ئومێد کەمال: شیعر نۆبەرەی کاری من بووە، بۆیە هەرگیز لێی دانابڕێم و ساڵانێکی زۆر له گۆڤار و ڕۆژنامە و فێستیڤاڵ و کۆڕە شیعرییەکان چالاکیم هەبووە، شیعر لای من ئەوینێکە ڕۆژ دوای ڕۆژ جوانتر دەبێت، بۆیە بەردەوامم و سەرقاڵی کۆکردنەوەی شیعرەکانمم له نامیلکەیەکدا و بڕیارە لە داهاتوودا بە چاپی بگەیەنم.
فێستیڤاڵی زۆر گەورە لەکوردستان بە سینەما ساڵانە ڕێکدەخرێت بەتایبەت فێستیڤاڵی دهۆک، بەڵام بۆ شانۆ بەمشێوەیە نییە و ساڵی وا هەیە هەر ناکرێت، هۆکارەکەی چییە؟
بوونی فێستیڤاڵەکان کارێکی باشە، بەڵام کاتێک کە لە پێناو بابەتی تردا نەبێت و هەڵبژاردنی کارەکان بۆ بەشداری کردن و دواتر پلەبەندی لەسەر هزری کەسی نەبێت مانای چییە، بەداخەوە کە ئەوە لەکوردستان کارێکی زۆر مەحاڵە.
کوردستان24: نووسینی شانۆ یان دراما کامەیان زیاتر تۆ ئاسوودە دەکات؟
ئومێد کەمال: هەردووکی بۆ من بەلقی درەختێکی چوار وەرز سەوز و جوان و بۆندارن، بەڵام لە ئێستەدا دراما زیاتر ئاسودەم دەکات، چونکە زۆرترین بینەری هەیە و دەبێتە میوانی ماڵەکان، ئامانجی منیش ئەوەیە پەیامە هونەرییەکانم بگاتە زۆرترین خەڵک کە زیاتر پەروەردەیی و خێزانین.
کوردستان24: پڕۆژەی نوێت هەیە؟
ئەم،ێد کەمال: من بەردەوامم له نووسینی دراما و شانۆ، ئێستە سیناریۆی کۆمەڵێک درامام ئامادەیە و بەشێکیان گفتوگۆی دەربارە کراوە کە کاری تێدابکرێت، بەڵام خۆم نەگەیشتومەتە ڕازی بوون، هەروەها ئامانجم ئەوەیە زۆرترین نووسینەکانی خۆم دەرهێنانی بۆ بکەم و ئامانجیشم تەنیا هونەر بێت، ئەو درامایانەش کە زۆر کات لە چاوپێکەوتنەکان باسم کردوون وەکو، سۆراغ 30 ئەڵقە، مەملەکەتی میران 45 ئەڵقە، نامەکانی پایز 30 ئەڵقە، سێبەری ڕابردوو 15 ئەڵقە، بەختی بێ بەختەکە 30 ئەڵقە، شوکر وسابیر 30 ئەڵقە، مڵۆزم 30 ئەڵقە. هەروەها له گفتوگۆداین بۆ درامایەکی نوێ بۆ مانگی ڕەمەزان کە کارێکی جیاوازە له کارەکانی پێشووم، لەداهاتودا ناوی دراماکە بڵاودەکەینەوە.
ئومێد کەمال، دەرهێنەر و نووسەری بواری شانۆ و دراما، لە ساڵی 2004 دەستی بەکاری شانۆ کردووە و تا ئێستاش وەکو نوسەر و دەرهێنەر و ئەکتەر کار لەبواری شانۆ و دراما دەکات و وەک نووسەر و دەرهێنەر خاوەنی کۆمەڵێک شانۆ و درامایە.
